‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیی لە وەفدێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان کرد

  2023-08-09 21:33      167 جار بینراوە        کۆمێنت

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیی لە وەفدێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی کرد.

‏‎لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لەبارەوەكرا و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆكان و لێكتێگەیشتنی نێوان هەموو لایەنەكان كرایەوە بەشێوەیەك یەكڕیزیی نێوماڵی كورد پارێزراوبێت و هەمووان لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكاندا هەنگاوبنێن.

‏‎لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا دابینکردنی شایستەداراییەکانی هەرێم و پاراستنی مافی مووچەخۆران جەختیلێكرایەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بنەمای دەستوور و یاسای بودجە مافەكانی هەرێم پارێزراوبێت.

‏‎دۆخی ئەمنیی هەرێم و چارەسەركردنی كێشەكان تەوەرێكیتری كۆبوونەوەكە بوو و بڕیاردرا هەنگاوی جدی و كردەیی بە ئاڕاستەی زاڵبوون بەسەر كێشەكاندا بنرێت و پارێزگاریی لە سەقامگیریی سیاسی، ئەمنی و كۆمەڵایەتی بكرێت.
‏‎سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشانەی دروستکراون دووپاتكردەوە و رایگەیاند، بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانە و كاری پێكەوەیی لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە باڵاكاندا رێگە راستەكەی سیاسەتە و هیوادارم پێكەوە دوور لە چەسپاندنی ئیرادە و سڕینەوەی یەكتر خەبات بۆ خاك و خەڵكەكەمان بكەین.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو