قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی باڵای هاوپەیمانان لەعیراق و سوریا کۆبووەوە

  2023-08-14 19:33      244 جار بینراوە        کۆمێنت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ژەنەراڵ ماتیۆ ماکفارلین و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێگەی بایەخی هەردوولا و بە تایبەت چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەمە ١٤ی ئابی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەکە لە لیوا روکن بەختیار ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی وەک فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، قوباد تاڵەبانی ستایشی ژەنەراڵ ماتیۆ ماکفارلینی کرد کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا رۆڵی گرنگی هەبووە لە دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا کە ژەنەرال جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی نوێی هاوپەیمانانیش ئامادەی بوو، جێگری سەرۆک وەزیران بەبۆنەی دەستبەکاربوونی پیرۆزبایی لێ کرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا هەماهەنگی زیاتر و بەهێزتر لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی پڕۆژەی چاکسازی بەو شێوەیەی کە پلانی بۆ دانراوە.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە بە دوور بخرێتەوە لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان و بەرپرسانی وەزارەت دەبێت لەپێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی و دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی راهێنراو بە شێوەیەکی پیشەیی و بەدوور لە ململانێی سیاسی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
 
لەلایەن خۆشیانەوە وەفدی باڵای هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و جەختیشیان کردەوە بەردەوامبوونی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاستی هەماهەنگی و هاوکارییەکان خێراتر و بەهێزتر دەکات.
 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو