قوباد تاڵەبانی پڕۆژەی نیشتمانی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی لە سلێمانی بەسەر کردەوە
2023-08-15 18:19     366 جار بینراوە      کۆمێنت
لەدوای بەسەرکردنی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ ١٥ی ئاب، سەردانی پڕۆژەی نیشتمانی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی کرد و لە نزیکەوە لە چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی کاروباری پڕۆژەکەی کۆڵییەوە.
جێگری سەرۆک وەزیران لە سەردانەکەیدا دەستخۆشی لە کۆمپانیای قەیوان وەک لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکەی کرد کە توانیویانە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو بکەن و هیواشی خواست لە ماوەی دیاریکراودا هەموو قۆناغەکانی پڕۆژەکە تەواو بکرێت.
وتیشی پڕۆژەی نیشتمانی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، لە گرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستانە و کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر بووژانەوەی بازاڕ و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک لە کوردستان.
پڕۆژەکە کەوتووەتە گوندی قەرەچەتان لە ناحیەی پیرەمەگرون و ٣٠ سایلۆی دانەوێڵە و کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی ئارد و چەندین کارگەی گەورەی پیشەسازی خۆراک لە خۆ دەگرێت و بە تەواوبوونی کۆی پڕۆژەکە ٥٠٠٠ هەلی کاری راستەوخۆ دەڕەخسێنێت.
لە ئێستا قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو بووە، کە بریتییە لە ١٢ سایلۆ و لە رۆژی ١٣ی ئەم مانگەوە دەست کراوە بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بەو نرخەی کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و لیژنەی تایبەتمەندەوە دیاری کراوە. لە ئەمڕۆشەوە بەرهەمهێنانی ئارد لە کارگەی ئاشی پڕۆژەکە دەستی پێکردوە و لە توانایدایە رۆژانە ٥٠٠ تەن ئارد بەرهەم بهێنێت.
بابەتی زیاتر