قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە

  2023-08-23 18:17      112 جار بینراوە        کۆمێنت


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریکا لە هەرێم و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند بابەتی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە وەک کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێم، پیرۆزبایی لە مارک سترۆ کرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئازادی رادەربڕین و بواری رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە نەک هەر نابێت هەرێم لەرووی ئازادی رادەربڕین و بواری رۆژنامەگەرییەوە پاشەکشە بکات، بەڵکو دەبێت پەیوەندییەکی تەندروست و پیشەییانەتر لەنێوان دەسەڵاتی سیاسی و میدیادا هەبێت و پەرەی پێبدرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی چالاکوانان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کرا. لەمبارەیەشەوە جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی هاوکاریکردنی زیاتری رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێم.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی پرۆسەی چاکسازی و دوورخستنەوەی وەزارەتەکە لە ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو