قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە

  2023-08-24 18:48      395 جار بینراوە        کۆمێنت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، پێشوازیکرد لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ کران.
 
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکە کە رۆژی پێنج شەمە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەکە لە دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و ئەحمەد موفتی بریکاری وەزیری سامانە سروشتییەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ کرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و چارەسەر کردنی گرفتەکان لەنێویشیاندا پرسی فڕۆکەخانەی سلێمانی، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکان و بە تایبەتیش لە بواری بازرگانیدا.
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا. هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و دانووستانەوە. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا سەرباری پەسندکردنی یاسای بودجە، کێشەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم هێشتا بە تەواوی چارەسەر نەکراوە. وتیشی: پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکڕیزی لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان کاریگەری هەبووە لەسەر چارەسەر نەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و بەتایبەتیش لە پرسی بودجەدا.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر کرا. هەردوولا بە پێویستیان زانی هەماهەنگی و هاوکاری زیاتر هەبێت لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو