قوباد تاڵەبانی: ئەگەر یەکگرتوو نەبین، دەدۆڕێین
2023-09-06 18:51     95 جار بینراوە      کۆمێنت
قوباد تاڵەبانی: ئەگەر یەکگرتوو نەبین، دەدۆڕێین
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ چۆ کیجۆنگ، کونسوڵی گشتیی کۆریای باشور لە هەرێم رایگەیاند لەم قۆناغەدا کورد و هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشە و تەحەدای مەترسیدار بووەتەوە و ئەگەر بێتو کورد یەکگرتوو نەبێت، بەرگەی هەڕەشە و مەترسییەکان ناگرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە، ٦ی ئەیلولی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو، بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لە هەرێم وەک کونسوڵی گشتی، قوباد تاڵەبانی ستایشی چۆ کی جۆنگی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا رۆڵی گرنگی بینیوە لە بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی کۆریای باشور. هەروەها سوپاسی حکومەتی ئەو وڵاتەشی کرد کە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، بەشدارییەکی گرنگ و کارای هەبووە لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و عێراق.
لەلای خۆشییەوە کونسوڵی کۆریای باشور سوپاسی قوباد تاڵەبانی و نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا لە هەرێم بە بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەری بوون لە راپەڕاندنی کاروبارەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا هەرێمی کوردستان و کورد بە گشتی لە چەندین لایەنەوە رووبەڕووی فشار و مەترسی گەورە بوونەتەوە، بەم دۆخەی ئێستاوە کە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ناکۆکی و ململانێیەکی ناتەندروستدان، ئەستەمە کورد بەرگەی ئەو فشار و مەترسییانە بگرێت.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، تەنها بژاردەی بەردەم کورد و هەرێمی کوردستان لەم دۆخە قورسەدا ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ سیاسەتی حەکیمانە و ژیرانە و سەرەتا کێشە ناوخۆییەکانی ناو ماڵی کورد بە خێرایی چارەسەر بکەین، تا بە یەکگرتوویی و یەکڕیزییەوە رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسییەکان ببینەوە. هۆشداریشی دا ئەگەر یەکگرتوو نەبین، دەدۆڕێین و رۆژانێک دێت هەموو لایەکمان پەشیمان دەبینەوە کە بۆچی ئەو کەمە دەرفەتەی ماوە لە دەستمان دا و نەمانتوانی بەسەر کێشەکانی ناوخۆماندا زاڵ بین.
بابەتی زیاتر