ئاسۆ مامەند لەگەڵ ژمارەیەک لەڕۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندانی کەرکوک کۆبووەوە
2023-09-11 21:41     350 جار بینراوە      کۆمێنت
هەڤاڵ ئاسۆ مامەند لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندانی کەرکوک کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ دوو شەممە ١١-٩-٢٠٢٣ بە سەرپەرشتی هەڤاڵ ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، و بە ئامادەبوونی هەڤاڵان ستران عەبدوڵلا لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن، و ئاڤێستا شێخ محەمەد لێپرسراوی مەڵبەندی هەژدەی رۆژهەڵات، و دلێر قادر سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای راگەیاندن، لە هۆڵی چالاکییەکانی پەیمانگای عیلم لە شاری کەرکوک لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندانی کەرکوک کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. دواتر هەڤاڵ ئاسۆ مامەند ئاماژەی بە دۆخی سیاسی عیراق، هەرێمی کوردستان، کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کرد.
لە بارەی ئاڵوۆزییەکانی ئەم دواییەی پارێزگای کەرکوکیش هەڤاڵ ئاسۆ مامەند جەختیی کردەوە؛ کەرکوک پارێزگایەکی فرە پێکهاتەیە و دەبێت بە وراییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، وتیشی؛ پێویستە رێگە بەو کەسانە نەدرێت کە هەوڵی ئاڵۆزکردنی دۆخی کەرکوک دەدەن، چونکە تێکچوونی دۆخی کەرکوک لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە، و دەبێت ئەو واقیعە لەبەرچاو بگیرێت کە لە پارێزگاکەدا هەیە، بە پێچەوانەوە هەموو لایەک زەرەری تێدا دەکەن.
لەو رووەوە هەڤاڵ ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی جەختی کردەوە؛ کە پێویستە لەسەر دەستەبژێرانی پارێزگاکە بە هەموو رەنگەکانییەوە دوور لە ئینتیمای حزبی و وەک تیمێکی کەرکوکییانە قسەی جیاوازیان لەسەر رووداوو پێشهاتەکانی پارێزگاکەیان هەبێت، وتیشی؛ لەسەر دەستەبژێرانی کەرکوک پێویستە کە بە پڕۆژەو بەرنامەی هەمەجۆر هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو گیر و گرفتانە بدەن کە رووبەڕووی پارێزگاکە دەبێتەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەڤاڵ ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی رایگەیاند؛ ئێمە ئەمڕۆ هاتووین تا لە نزیکەوە گوێ لە دەستەبژێر و رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندان بگرین، بۆ ئەوەی بە یەکەوە گفتوگۆیەکی کەرکوکییانەی دۆستانە بکەین بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئەو گیروگرفتانەی کە رووبەڕووی پارێزگاکە دەبێتەوە.
لای خۆشیانەوە رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندان، ستایشی ئەو دەستپێشخەرییەی هەڤاڵ ئاسۆ مامەند و مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتییان کرد کە هاتوون لە نزیکەوە گوێ لە رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندانی پارێزگاکە بگرن، و رایانگەیاند؛ کە لای خۆیانەوە رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندان «پڕۆژەیەکی هەمەلایەن» بۆ کارکردن ئامادە دەکەن و دواتر بە پشتیوانی یەکێتیی هەوڵی جێبەجێکردنی دەدەن. لای خۆشییەوە هەڤاڵ ئاسۆ مامەند دڵنیایکردنەوە؛ کە بە هەموو شێوەیەک هاوکار و پشتیوانیان دەبێت بۆ سەرخستنی هەر پڕۆژە و بەرنامەیەک کە لە لای ئەوانەوە پێشکەش دەکرێت.
بابەتی زیاتر