مەکتەبی سیاسی یەکێتی: کردەوە پڕ تاوانکارییەکەی ئەمڕۆ جێبەجێکردنی پیلانێکە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەگشتی و سنووری سلێمانی بەتایبەتی
2023-09-18 22:21     324 جار بینراوە      کۆمێنت
هێرشی دوژمنکارانەی سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت ، هێرشە بۆ سەر تێکرای هەرێمی کوردستان و بەشێک لە سنووری کۆماری عیراقی فیدرال.
کردەوە پرٍ لەتاوان و دوژمنکاریەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت سنور بەزاندنێکی لەڕادەبەدەری هەرێمی کوردستانەو جێبەجێکردنی ئەو پیلانە دژ بە مرۆڤایەتیەیە کە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە گشتی و سنووری سلێمانی بە تایبەتی دارێژراوە .
ئێمە وێرای ئیدانەی توندی ئەو تاوانە تەئکید لە پێویستیی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە بۆ بەرەنگاری مەترسییەکانی سەر هەرێمەکەمان . ئەم جۆرە پەلاماردانە دوژمنکاریانەی سەر هەر بستێکی هەرێمی کوردستان بە پەلاماردان بۆ سەر بەشێکی جوگرافیای عیراقیش دەزانین ، پەلاماردانی هەر یەکەیەکی هێزەکانی هەرێمی کوردستان کە لە پێکهاتەی هێزە چەکدارەکانی عێراق و لە دەستوری هەمیشەییدا بە رەسمی ناسێندرابێتن مانای پەلاماردانە بۆ سەر مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عیراقیش، بۆیە جارێکی تر داوا و تەئکید لە حکومەتی فیدرالی عیراق دەکەینەوە کە چیتر نابێت لە ئاست ئەم پەلاماردانە ترسنۆک و دوژمنکاریانەی داگیرکەراندا بێدەنگی هەڵبژێرن و دوژمنان بە وڵاتەکەمان خۆش بکەن.
بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسیی و دیبلۆماسیانەو سەرکۆنەکردنی ئەم پەلامارانە داوا لە کۆمەڵگای نێودەولەتی و ناوەندە ئازادیخوازەکانی دونیا دەکەین کە هاودەنگمان بن لە گەیاندنی پەیامی ریسوا کردنی ئەم جۆرەتاوانانەو بکەرەکانیان کە بونەتە هەرەشە و مەترسی بۆ سەر تێکرای مرۆڤایەتی .
هەر لێرەوە پرسە و ماتەمینی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین کە لە پێناوی بەرگری و پاراستنی ئارامی و ئۆقرەیی هەرێمەکەماندا گیانیان بەخشی، هیوای هەرچی زوو چاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین .
ریسوایی بۆ پەلاماردەرانی وڵاتەکەمان
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بابەتی زیاتر