به‌هۆی دوو رێكه‌وت‌و رووداوی سه‌یره‌وه له زینده‌به‌چاڵكردنی حه‌تمی رزگاریان ده‌بێت
سازدانی: فه‌ریق حه‌بیب
ئه‌گه‌رچی باری ته‌ندرووستی باش نییه، چونكه چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی رووداوێكی هاتوچۆوه به‌سه‌ختی برینداربوو و تائێستا چه‌ندین نه‌شته‌رگه‌ریی بۆكراوه، به‌ڵام پۆره ره‌سمیه به‌خۆشحاڵییه‌وه ئاماده‌بوو سه‌رگوزشته‌ی خۆی‌و مناڵه‌كانی له‌كاتی پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفالدا بگێڕێته‌وه، كه له‌كۆتا رۆژه‌كانی زیندانییه‌كه‌یدا له تكریت ته‌نها نیو كاتژمێر له‌نێوان ئه‌و و ئه‌نفالكراوه‌كانی هاوڕێی و مه‌رگدا مابووه‌وه، به‌هۆی دوو رێكه‌وت‌و رووداوی سه‌یره‌وه له زینده‌به‌چاڵكردنی حه‌تمی رزگاریان ده‌بێت.
ره‌سمیه نه‌جمه‌دین تاڵه‌بانی خه‌ڵكی كه‌ركوكه‌و له كۆتایی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووا له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د حاجی نه‌جمه‌دین هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، له هه‌شتاكاندا كاتێك هاوسه‌ره‌كه‌ی له سوپای عیراق هه‌ڵدێت‌و وه‌كو هه‌زاران كه‌س روو له گوونده‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌مانیش له گووندی كه‌ریم باسامی هاوسنووری گووندی ئاوباریك له ناوچه‌ی زه‌نگه‌نه‌ی سه‌ر به‌ناحیه‌ی قادر كه‌ره‌م ده‌گیرسێنه‌وه، چونكه هاوسه‌ره‌كه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی هه‌مان گوونده.
7ی نیسان، سه‌ره‌تای مه‌رگه‌ساتێك
كات، سه‌ره‌تای به‌هاری (1988)ه، درووست 7ی نیسانه، رۆژی ره‌شی یادی دامه‌زراندنی حزبى به‌عس، له‌كاتێكدا ده‌وربه‌ری گووندی كه‌ریم باسام به‌سه‌وزایی‌و گووڵی ره‌نگاو ره‌نگ‌و بۆن‌و به‌رامی رووه‌ك‌و گژوگیای هه‌رده‌ی گه‌رمیان ده‌وره‌دراوه، به‌هارێك كه جیاواز بوو له به‌هاره‌كانی تر، به‌هارێكی زۆر ته‌ڕو ناوازه، به‌ڵام هه‌موو گووندنشینه‌كان له ترسی هاتنی وه‌یشوومه‌و به‌ڵایه‌كی ره‌شی نادیار ئۆقره‌یان له‌به‌ر بڕابوو، هه‌ستیان ده‌كردو ده‌یانزانی ئه‌و به‌هاره به‌خۆشی‌و سه‌ڵامه‌تی به‌سه‌ر نابه‌ن‌و دڵیان له مشتیاندابوو، چونكه دركیان به‌وه‌كردبوو و هه‌واڵی ئه‌وه‌یان به‌گووێدا درابوو كه رژێمی به‌عس شاڵاوێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازییان ده‌كاته‌سه‌ر‌و ته‌ڕو وشك پێكه‌وه ده‌سوتێنێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو، وه‌كو ساڵانی رابردوو تام‌و چێژیان له‌به‌هار وه‌رنه‌ده‌گرت‌و خۆیان بۆ رۆژگارێكی تاریكی ئه‌نگوسته‌چاو ئاماده‌ده‌كرد كه له‌و ئێواره‌ی 7ی نیسانه‌وه ده‌ستی پێكرد.
" ئێواره‌ی 7ی نیسان، له كه‌ریم باسام ده‌رچووین‌و هه‌موومان ئاواییمان چۆڵكرد، چونكه رۆژی 6ی نیسان، شه‌ڕوپێكدادانێكی سه‌خت له‌نێوان هێزه‌كانی رژێمی سه‌دام‌و هێزی پێشمه‌رگه‌دا، له گوونده‌كانی كۆرومۆرو تازه شار و كۆشك‌و ئاوباریك روویدا، تاده‌هات جه‌یش‌و جاش نزیك ده‌بوونه‌وه، بۆیه ئێمه 7ی نیسان بۆ ئێواره‌كه‌ی گونده‌كه‌مان چۆڵكرد‌و به‌ره‌و گوونده‌كانی باوه‌كر‌و ره‌مان‌و به‌گزاده رۆیشتین نزیكه‌ی 4بۆ5 شه‌ومان پێچوو گه‌یشتینه گووندی برایم غوڵام‌و له‌وێشه‌وه چووین بۆ ناحیه‌ی قادر كه‌ره‌م، له‌وێ دوو شه‌و له ماڵی خزمێكمان بووین، به‌ڵام پیاوانی رژێم به بڵندگۆ رایانگه‌یاند ده‌بێت هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گوونده‌كانه‌وه هاتوونه‌ته ناو شارۆچكه‌ی قادر كه‌ره‌مه‌وه خۆیان راده‌ست بكه‌ن‌و بچنه ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگا زۆره‌ملێیه‌ی نزیك شارۆچكه‌كه كه ساڵانێك له‌وه‌وبه‌ر بۆ كۆكردنه‌وه‌ی گوونده‌كانی ئه‌و سنووره درووستكرابوون"، پوره ره‌سمیه به‌وجۆره ده‌ستی به‌گێڕانه‌وه‌ی سه‌رگوزشته‌كه‌ی كرد.
پوره ره‌سمیه‌ی ته‌مه‌ن 72 ساڵ، له‌كاتی گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كه‌یاندا، به‌مێشك‌و له‌ناخیشیدا ته‌واو گه‌ڕابووه‌وه بۆ 31 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، بۆیه زۆر به‌حه‌ماسه‌وه باسی سه‌ره‌تای ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ی ده‌كرد كه هێشتا نه‌یانده‌زانی چاره‌نووسێكی زۆر خه‌مناك چاوه‌ڕوانیان ده‌كات.
" زۆر له ماڵه‌كانی قادر كه‌ره‌م وتیان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خانووه‌كانیشمان به‌سه‌ردا بڕوخێنن كه‌سوكاره‌كانمان راده‌ست ناكه‌ین، به‌كرده‌وه‌ش ئه‌وه‌یان سه‌لماند، هه‌ندێك له ماڵه‌كانیش له‌ترسی ژیانی خۆیان به‌ناچاری ئیزنی میوانه‌كانیان ده‌دا، ئێمه‌ش ناچاربووین من خۆم‌و چوار مناڵه‌كه‌م‌و 14 كه‌سی تر له كه‌سه نزیكه‌كانم، بڕۆین بۆ ئۆردووگاكه كه به موجه‌مه‌عه‌كه ناسرابوو، كاتێك گه‌یشتینه ئه‌وێ هه‌زاران كه‌سی تری وه‌كو ئێمه‌ی لێ بوو. دوو شه‌و له‌وێ بووین، شوێنێكی ره‌ق‌و ته‌ق، هیچی لێ نه‌بوو، رێگه‌یان داین بچین له قادر كه‌ره‌م هه‌ندێ خواردن‌و شتومه‌كی پێویست بكڕین‌و ئه‌و دوو رۆژه‌ی پێ به‌ڕێكه‌ین"، پوره ره‌سمیه وای وت.

دیمه‌نێك له پاشماوه‌ی گوندی كه‌ریم باسام( وێنه‌كه تایبه‌ته به PUKNOW، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر گیراوه)
هه‌ڵوێستی ئازایانه‌ی موسته‌شارێك، كه دواتر ده‌بێته‌هۆی له‌ناوچوونی خۆی
بۆ رۆژی دووه‌م، سه‌ره‌تای گه‌شتی مه‌رگ ده‌ستپێده‌كات، كه تێیدا گووندییه‌كان كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ به‌ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی ره‌وانه‌ی سه‌ربازگه‌یه‌كی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كرێن، به‌ر له‌وه‌ی به‌ڕێبخرین بۆ بڕینی قۆناغه سه‌خته‌كانی دۆزه‌خی ئاماده‌كراوی به‌عسییه‌كان، كۆمه‌ڵێك چه‌كداری كوردی رژێمی به‌عس كه ئه‌وانیش هه‌ر پێیان ده‌وترا "جاش"، به‌ڵام دوای ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی 12ی نیسان نوواندیان هه‌ق نییه به‌و كۆمه‌ڵه چه‌كداره، ته‌نها به‌و كۆمه‌ڵه‌یه، بووترێت جاش‌و وه‌كو جاشه ئه‌ڵقه له‌گوێكانی تر هه‌ژماربكرێن.
" 12ی نیسان ژماره‌یه‌كی زۆر زیلی سه‌ربازی هات‌و له‌ناو ئۆردووگاكه بۆ گواستنه‌وه‌ی ئێمه ئاماده‌كران، له‌و كاته‌دا كۆمه‌ڵێك جاشی كورد كه به‌رپرسه‌كه‌یان ناوی شێخ موعته‌سه‌م به‌رزنجی بوو، غیره‌ت گرتنی و به‌سه‌ر گرده‌كانی ده‌وروبه‌ری ئۆردووگاكه‌دا دابه‌ش بوون‌و چه‌كیان له سه‌ربازه‌كانی سوپای عیراق راكێشا‌و وتیان ئه‌گه‌ر ئه‌و گووندنشینانه بگوێزنه‌وه هه‌موو سه‌ربازه‌كان ئه‌كوژین، بۆیه سه‌ربازه‌كانیش به فه‌رمانی فه‌رمانده‌كه‌یان رووی چه‌كه‌كانیان له‌ئێمه كرد‌و وتیان یه‌ك ته‌قه بكه‌ن ئێمه‌ش ئه‌م هاوڵاتیانه ئه‌كوژین، ئیتر گریان‌و هاوار له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌وه به‌رزبووه‌وه‌و داوایان له چه‌كداره كورده‌كان كرد وازیان لێبهێنن، ئه‌وانیش به‌ناچاری ده‌ستبه‌ردارمان بوون به‌ره‌و قادر كه‌ره‌م رۆیشتن، له‌وێ به‌خه‌ڵكی شارۆچكه‌كه‌یان راگه‌یاندبوو نابێ چیتر رێگه بده‌ن خه‌ڵكی گوونده‌كان راپێچی ئه‌و ئۆردووگایه بكرێت، چونكه له‌وێوه ئه‌برێن بۆ شوێنێك هه‌موویان گوله‌باران ده‌كرێن. وه‌ك زانیویشمه دواتر ئه‌و شێخ موعته‌سه‌مه بێ سه‌روشوێن كرا. ئێمه‌یان گوواسته‌وه بۆ سه‌ربازگه‌یه‌كی قه‌زای چه‌مچمه‌ماڵ".
دوای به‌دواداچوونێكمان‌و په‌یوه‌ندیكردن به‌چه‌ند كه‌سێكه‌وه كه له‌ئێستادا نیشته‌جێی سوویدن‌و خه‌ڵكی كه‌ركوكن‌و له‌نزیكه‌وه ئاگاداری زۆر له رووداوه‌كانی سه‌رده‌م ئه‌نفالن، هه‌ندێك زانیارییمان له‌باره‌ی چاره‌نووسی شێخ موعته‌سه‌م به‌ده‌ستهێنا. شێخ موعته‌سه‌م شێخ عه‌بدولكه‌ریم به‌رزنجی برای شێخ جه‌عفه‌ر به‌رزنجی پارێزگاری سلێمانی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌عسه، له‌ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی به‌هاری 1991 رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوو، دوای راپه‌ڕین له سلێمانی نیشته‌جێ ده‌بێت، ده‌رمانخوارد ده‌كرێت كه مه‌زه‌نده ده‌كرێت له‌لایه‌ن ده‌ستوپێوه‌نده‌كانی رژێمی به‌عسه‌وه وایلێكرابێت، بۆیه شێخ جه‌عفه‌ری برای له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌عس قسه‌ده‌كات‌و لێبوردنی تایبه‌تی بۆ ده‌رده‌كه‌ن‌و ئاسانكاری بۆ ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌غدا‌و له‌وێ چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام كه ده‌گاته به‌غدا دوای چه‌ند رۆژێك، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری سه‌ر به‌ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عیراق له‌شه‌قامێكی به‌غدا ده‌یڕفێنن‌و دواتر له‌ناوده‌برێت. كه‌سێك كه خه‌ڵكی شۆرجه‌ی كه‌ركوكه بۆی گێڕاینه‌وه دوای ماوه‌یه‌ك له‌و رووداوه شێخ موعته‌سه‌م له‌یه‌كێك له‌زیندانه نهێنییه‌كانی به‌غدا بینراوه، له هه‌مان ئه‌و زیندانه‌دا گه‌نجێكی كوردی گه‌ڕه‌كی شۆرجه‌ی شاری كه‌ركوك ده‌بینرێت كه ناوی فه‌ریدون مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم-ه، له‌دوای ئه‌وه‌وه كه‌س نه‌یبینیون، تائێستاش كه‌س نازانێت به چ شێوه‌یه‌ك له‌ناوبراون.
پوره ره‌سمیه، درێژه به گێڕانه‌وه‌كه‌ی ده‌دات‌و باس له‌وه‌ده‌كات كه هه‌ر ئه‌و رۆژه گه‌یه‌ندراونه‌ته سه‌ربازگه‌یه‌كی چه‌مچه‌ماڵ، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات به‌حه‌وت ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی گواستراونه‌ته‌وه‌و له‌زۆربه‌ی رێگاكه‌یاندا به‌ره‌و چه‌مچه‌ماڵ كۆپته‌ر به‌سه‌ره‌یانه‌وه بووه، 9 كاتژمێر له‌وێ ماونه‌ته‌وه‌و دواتر به‌ره‌و ئه‌منی كه‌ركوك براون، له‌وێش دوو كاتژمێر ماونه‌ته‌وه‌و ره‌وانه‌ی سه‌ربازگه‌كانی ناحیه‌ی تۆبزاوه‌ی خوارووی كه‌ركوك كراون.
قاعه‌كانی سه‌ربازگه‌ی تۆبزاوه، چۆن نزیكه‌ی 6 مانگیان له‌وێ به‌سه‌ربرد؟
" كاتێك گه‌یشتینه تۆبزاوه، هه‌زاران كه‌سی تری لێ‌بوو له ژن‌و پیاوی پیرو گه‌نج‌و مناڵ، دواتر جیاكراینه‌وه، هه‌موو ئافره‌ته گه‌نجه‌كانیان نارد بۆ سه‌ربازگه‌ی دووبس-ی خۆرئاوای كه‌ركوك‌و ژنه به‌ته‌مه‌نه‌كانیان نارد بۆ نوگره سه‌لمان. دوو شه‌و له‌وێ ماینه‌وه، تا بڵیی وه‌زعمان خراپ بوو، ته‌نانه‌ت به‌ئاسانی رێگه‌یان نه‌ده‌داین بچین بۆ wc، دواتر ره‌وانه‌ی سه‌ربازگه‌ی دووبز كراین"، پوره ره‌سمییه به‌هه‌ناسه هه‌ڵكێشانێكی قووڵه‌وه ئه‌مه‌ی باسكرد.
كه ده‌گه‌نه سه‌ربازگه‌ی دووبز، واده‌زانن له‌وێش ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌مێننه‌وه، ئه‌گه‌رچی هێشتا نازانن به‌ره‌و چ چاره‌نووسێك ده‌برێن، به‌ڵام لێره، زۆریان پێده‌چێت، ده‌یان چیرۆكی جۆراوجۆی تراژیدیا ئامێزیان به‌سه‌ردا دێت. ئه‌م ژنه رزگاربووه‌ی ئه‌نفال به‌مشێویه باسی رۆژه‌گاره‌كانی نێو ئه‌و سه‌ربازگه‌یه ده‌كات: " سه‌ربازگه‌كه له نزیكه‌ی 60 هۆڵی گه‌وره- قاعه- پێكده‌هات، بۆ ماوه‌ی 5 مانگ‌و 20 رۆژ له‌وێ ماینه‌وه، كه مه‌ینه‌تی‌و ناخۆشی زۆرمان تێیدا بینی. میلیشیای جه‌یشی شه‌عبی سه‌رپه‌رشتی سه‌ربازگه‌كه‌یان ده‌كرد، ده‌گوترا ژماره‌مان زیاتر له 7 هه‌زار كه‌س بووه له‌و سه‌ربازگه‌یه‌دا، به‌سه‌ر 20 قاعه‌دا دابه‌ش كراین، هیچ قاعه‌یه‌ك له 200 كه‌س كه‌متری تێدا نه‌بوو، ئێمه به‌ر قاعه‌ی ژماره یه‌ك كه‌وتین، من به‌و پێیه‌ی زمانی عه‌ره‌بیم به‌باشی ده‌زانی، بووم به سه‌رپه‌رشتیاری قاعه‌ی یه‌ك، واته سه‌رپه‌رشتی دابه‌شكردنی خواردن‌و كاروباره‌كانی ترم ده‌كرد، هه‌ر قاعه‌و فه‌رمانده‌ی سریه‌یه‌كی جه‌یشی شه‌بی كرابووه به‌رپرسی".
پوره ره‌سمیه به‌وپێیه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌كاتی سه‌ربازیدا‌و به‌ر له‌وه‌ی ریزه‌كانی سوپا جێبهێڵێت "نائیب زابت" بووه‌و ماوه‌یه‌ك له به‌غدا‌و شاره‌كانی تری عیراقیش ژیاون، بۆیه هه‌ردووكیان زمانی عه‌ره‌بی ده‌زانن، ئه‌وه‌ش یاره‌مه‌تیده‌ری ژنه ئه‌نفال كراوه‌كه بووه‌و له‌زۆر ئه‌ڵقه‌ی ئه‌و زنجیره دۆزه‌خه‌ی تێیدا بووه به‌كه‌ڵكی هاتووه.
به‌ناڕه‌حه‌تییه‌كی زۆره‌وه، به‌رده‌وامه له‌سه‌ر سه‌رگوزشته تراژیدیائامێزه‌كه‌ی‌و ده‌ڵێت: " كاتێكی زۆری ویست تا كاروباره‌كانمان له‌ناو خۆماندا رێكخست، ده‌بوایه خۆمان یارمه‌تی یه‌كتر بده‌ین‌و ئیشوكاره‌كان ئاسان بكه‌ین، ده‌نا ژیانمان قورس‌تر ده‌بوو. كێشه‌ی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆش‌و مه‌سه‌له‌ی منداڵبوون‌و مامانی‌و ئه‌و جۆره شتانه‌مان هه‌بوو، سه‌رپه‌رشتیارانی قاعه‌كان هه‌موویان پیاو بوون، ئێمه‌ش هه‌موومان ژن بووین‌و ژماره‌یه‌ك منداڵی كوڕمان له‌گه‌ڵ بوو، بۆیه به‌ناچاری به به‌رپرسانی جه‌یشی شه‌عبیم راگه‌یاند كه من ده‌توانم چاره‌سه‌ری نه‌خۆشه‌كان بكه‌م‌و مامانیش بكه‌م، بڕێكی زۆر ده‌رمان‌و پێداویستی پزیشكیان بۆ هێنام‌و له‌و ماوه‌یه‌دا كه له‌وێ بووین، چاره‌سه‌ری هه‌موو نه‌خۆشی‌و گرفته‌كانم ده‌كرد، كه گێڕانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ش خۆی له‌خۆیدا چیرۆكێكی دورودرێژه".

پوره ره‌سمیه
ئه‌نفالكراوه‌كان سووكایه‌تی قبووڵ ناكه‌ن‌و مانده‌گرن
یه‌كێك له‌و رووداوانه‌ی پوره ره‌سمیه به‌گرنگییه‌وه باسی كرد‌و له‌و سه‌ربازگه‌یه‌دا روویداوه، بابه‌تی مانگرتنه‌كه‌یه: " پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی چێشت به‌سه‌ر ئه‌نفالكراوه‌كاندا یه‌كێك بوو له‌و پرۆسانه‌ی كه قورس‌و ناڕه‌حه‌ت بوو، كێشه‌شی بۆ درووست ئه‌كردین، تێبینی ئه‌وه‌مان كردبوو ئه‌و جه‌یشی شه‌عبیانه‌ی چێشت‌و خواردنیان بۆ ده‌هێناین، هه‌ر ئافره‌تێكی جوانیان ببینیایه خواردنه‌كه‌یان به‌رێكوپێكی پێده‌دا، ئه‌وه‌شی جوان‌و گه‌نج نه‌بووایه یاخوود له‌كاتی وه‌رگرتنی خوارده‌نه‌كه‌دا سه‌یری نه‌كردنایه، خواردنه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك بۆ فڕێده‌دا كه زۆرجار ده‌رژا به‌سه‌ریاندا، ئه‌وه‌ش زۆر بێ تاقه‌تی كردین، بۆیه به‌و ئافره‌تانه‌م وت كه سه‌رپه‌رشتی قاعه‌كانیان ده‌كرد، پێویسته مان له‌خواردن بگرین تا ئه‌و سووكایه‌تییه‌مان له‌سه‌ر لاده‌به‌ن‌و هه‌ر ئه‌وه‌شمان كرد، كه خواردن هات كه‌س نه‌چوو بۆ وه‌رگرتنی چه‌ند هه‌وڵیاندا بێ سوود بوو، بۆیه فه‌رمانده‌ی قاتعی جه‌یشه شه‌عبییه‌كه خۆی هات بۆ لامان‌و بانگی كردین، منیش هۆكاری مانگرتنه‌كه‌م بۆ باس كرد، وتم ئێمه كوردین خاوه‌نی شه‌ره‌ف‌و كه‌رامه‌تین‌و له‌سه‌ر شتی خراپ ده‌ستگیرنه‌كراوین، لێره ئه‌وانه‌ی خواردنمان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كه‌ن، سوكایه‌تیمان پێده‌كه‌ن، زۆری پێ ناخۆش بوو، وتی ئێوه ئه‌مڕۆ خواردنه‌كه وه‌ربگرن، سبه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی دابه‌شی ده‌كه‌ن به‌سه‌رتاندا به‌كه‌سانی تر ده‌یانگۆڕم، ئێمه‌ش خواردنه‌كه‌مان وه‌رگرت‌و بۆ سبه‌ی هه‌موویان گۆڕی بوو و كه‌سانی تری دانابوو كه به‌ڕێزه‌وه خواردنه‌كانیان پێده‌داین".
رزگاركردنی دوو كوڕی گه‌نج له مردن
رووداوێكی تریش ده‌گیڕێته‌وه كه تێیدا توانیویه‌تی دوو كوڕی گه‌نج له مه‌ترسی گووله‌باران كردن رزگاربكات: " دوو كوڕمان له‌گه‌ڵ بوو به‌ناوه‌كانی محه‌ممه‌د‌و ئیدریس، هه‌ردووكیان به مه‌والید منداڵ بوون، به‌ڵام به‌قه‌د‌و باڵا گه‌نجی ته‌واوبوون، رۆژێكیان ژنێك له قاعه‌یه‌كی تره‌وه هات بۆ لام و وتی چیتر ئێمه قبوڵ ناكه‌ین ئه‌و دوو گه‌نجه له‌ناو ئێمه‌دا بخه‌ون، ئێستا ئه‌چم به به‌رپرسی قاتعه‌كه ده‌ڵێم جیایان بكه‌نه‌وه‌و ره‌وانه‌ی ناو پیاوه‌كانیان بكه‌ن، منیش لێی هاتمه وه‌ڵامم و وتم ئه‌گه‌ر جیایان بكه‌ینه‌وه كێ ده‌ڵێت نایانكوژن، چونكه ئێمه نازانین چیان به‌سه‌ر پیاو و كوڕه گه‌نجه‌كاندا هێناوه، بۆیه په‌شیمانم كرده‌وه له‌وه‌ی خه‌به‌ریان له‌ده‌ست بدات".
له‌درێژه‌ی باسكردنی ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی له دووبز به‌سه‌ریاندا هاتووه، پوره ره‌سمیه ده‌ڵێت: " له‌و ماوه‌ی له‌سه‌ربازگه‌ی دووبز بووین، ده‌وروبه‌ری 10- 20 كه‌سمان لێ مرد، ته‌نها یه‌ك ژن كه ناوی مریه‌م بوو و خه‌ڵكی گووندی فه‌قێ مسته‌فای ناوچه‌ی زه‌نگه‌نه بوو سێ منداڵی مرد، ئه‌و ژنه دایكی مه‌لا سامانی چه‌مچه‌ماڵه، كه ناو به‌ناو له كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كانی كوردستان‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت".
بردنی پوره ره‌سمیه‌و مناڵه‌كانی بۆ ئه‌منی كه‌ركوك ، به چ مه‌رجێك پێشنیازی ئازاكردنیان بۆكرا؟
" رۆژێك سه‌یاره‌یه‌كی ره‌شی بێ ژماره هات بۆ به‌رده‌م قاعه‌كه‌مان‌و راوه‌ستا‌و داوای من و منداڵه‌كانمی كرد، بردیانین بۆ دایه‌ره‌ی ئه‌منی كه‌ركوك، 12 رۆژ له‌وێ له‌نێو ژێرزه‌مینێكدا زیندانیان كردین، دوو رۆژ به‌ر له‌ئێمه كچێكی عه‌ره‌ب كه په‌رستاربوو له نه‌خۆشخانه‌ی سه‌دامی ئه‌و كات‌و ئازادی ئێستای كه‌ركوك هێنرابوو بۆ هه‌مان ژێر زه‌مین ناوی ئوم ئالا بوو، وتی به‌تۆمه‌تی ناردنی ده‌رمان‌و هاوكاری پێشمه‌رگه گرتوویانم، مێرده‌كه‌شم دیله له ئێران، زۆر ده‌ترسا، هیچ نانی نه‌خواردبوو كه ئێمه رۆیشتین بۆلای تۆزێك وه‌زعی باشتر بوو، ده‌ستیكرد به‌نانخواردن، ده‌رگایه‌ك به‌ته‌نیشتییه‌وه بوو كه‌مێكیش كرابووه‌وه، وتی دوو رۆژه لێره‌م ناوێرم بچم بۆلای ئه‌و ده‌رگایه بزانم چی تێدایه، كه كردمانه‌وه بینم یه‌ك ژووری گه‌وره‌بوو پڕبوو له جل‌و به‌رگی كوردی‌و كڵاو و جامانه‌و ته‌زبیح، دیاربوو هی ئه‌و پیاو و گه‌نجه كوردانه بوو كه ئه‌نفالكرابوون‌و برابوون بۆ نێو چاڵه‌كانی باشووری عیراق‌و گووله‌باران كرابوون"، پوره ره‌سمیه به‌حه‌سره‌ته‌وه ئه‌وه‌ی گێڕایه‌وه.
سه‌باره‌ت به‌هۆكاری گواستنه‌وه‌یان بۆ ئه‌منی كه‌ركوك، ئه‌و رزگاربووه‌ی عه‌مه‌لیاتی به‌دناوی ئه‌نفال ده‌ڵێت: " دوو برام پێشمه‌رگه‌بوون به‌ناوه‌كانی مام ساڵح و سه‌باح، مام ساڵح به‌رپرسیارێتی هه‌بوو، له‌سه‌ر ئه‌وه لێكۆڵیه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كردین بزانه چی په‌یوه‌ندییه‌كمان به براكانمه‌وه ماوه، من نكۆڵیم كرد له‌وه‌ی هیچ ئاگام لێیان هه‌بێت‌و توانیم بیانگه‌یه‌نمه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه هیچ زانیارییه‌كم له‌سه‌ر براكانم نه‌ماوه. زۆر هه‌وڵیاندا زانیاری‌یان بده‌مێ، ته‌نانه‌ت وتیان هه‌ر ئێستا خۆت‌و مناڵه‌كانت ئازاد ده‌كه‌ین به‌مه‌رجێك كارمان له‌گه‌ڵ بكه‌یت‌و به‌رده‌وام زانیاریمان بۆ بنێریت، به‌ڵام من ره‌تمكرده‌وه، بۆیه ناردینیانه‌وه بۆ سه‌ربازگه‌ی دووبز".
رێكه‌وتێكی سه‌یر، ئاماده‌نه‌بوونی به‌پرسی قاعه‌كه‌یان زینده‌به‌چاڵكردنیان دواده‌خات
كه ده‌گه‌نه‌وه سه‌ربازگه‌كه، نیشته‌جێبووانی هه‌موو قاعه‌كان ده‌چن به‌پیرییانه‌وه‌و به‌گه‌رمی پێشوازیان لێده‌كه‌ن" ماوه‌یه‌كی تریش له‌وێ ماینه‌وه، دوای ته‌واوكردنی 5 مانگ‌و 20 رۆژ، پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌مان بۆ قاعه‌كانی ته‌نیشت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌منی تكریت ده‌ستیپێكرد، دوا وێسته‌گه‌ی ژیانمان، كه له‌وێوه به‌ره‌و بیابانه‌كان‌و مه‌یدانی مه‌رگ ده‌یانگواستینه‌وه. كۆمه‌ڵێك ئۆتۆمبێلی سه‌رداخراوی تایبه‌ت به‌گواستنه‌وه‌ی زیندانیان، له‌به‌رده‌م قاعه‌كه‌ی ئێمه‌دا وه‌ستان‌و لیستێكی ناویان پێ بوو، وتیان له قاعه‌ی یه‌كه‌وه ده‌ستده‌كه‌ین بۆ گواستنه‌وه‌یان، به رێكه‌وت له‌و رۆژه‌دا ئه‌و به‌رپرسه‌ی جه‌یشی شه‌عبی كه به‌رپرسی قاعه‌كه‌ی ئێمه بوو له‌وێ نه‌بوو، كه ئه‌وه هۆكارێك بوو بۆ مانه‌وه‌ی ئێمه به‌زیندوێتی، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رپرسه ئاماده بوایه ئه‌وا یه‌كسه‌ر ئێمه‌یان ده‌برد، به‌ڵام وتیان خۆ نابێت تا به‌یانی چاوه‌ڕوانی ئه‌و به‌رپرسه بكه‌ین، بۆیه له قاعه‌ی ژماره بیسته‌وه ده‌ستیان پێكرد، ژماره‌یه‌كی زۆر خزمی ئێمه‌ی تێدابوو، هه‌ر هه‌موویات بران بۆ تكریت‌و دواتر زانیمان له‌وێوه ره‌وانه‌ی بیابانه‌كان كرابوون‌و خرابوونه‌ژێر خۆڵه‌وه".
هه‌واڵی پێده‌گات كه هه‌موویان چاره‌نووسیان مردنه
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئاخۆ ئه‌نفالكراوه‌كان ده‌یانزانی چ چاره‌نووسێك چاوه‌ڕوانیان ده‌كات، ئه‌و ژنه خۆڕاگره ده‌ڵێت: " كه‌سێكی لێ بوو پێی ده‌وترا ره‌فیق عه‌لی، به‌رپرسی ئینزیباتی سه‌ربازگه‌كه بوو، رۆژێك پێم وت ئه‌وه هاوڕێكانمان بۆ كوێ ده‌گوێزنه‌وه به‌و شپرزه‌ییه، وتی بۆ ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌یت، پێم وت ئه‌زانم هه‌ر هه‌موویان ئه‌كوژن، چونكه دیاره‌و ئاشكرایه، كه ده‌یانبه‌ن زۆر به‌په‌له راپێچی ناو سه‌یاره‌كانیان ده‌كه‌ن ته‌نانه‌ت رێگه‌یان پێناده‌ن ته‌سكه‌ره‌و جنسیه‌ی عیراقی‌و شتومه‌كه‌كانیشان له‌گه‌ڵ خۆیاندا ببه‌ن، دیاره بۆ كوشتن ئه‌یانبه‌ن، بۆیه به‌ڕاشكاوی پێی وتم به‌ڵێ هه‌موویان ده‌كوژرێن خوا ره‌حم له‌ئێوه‌ش بكات. له‌دوای ئه‌وه‌وه ئیتر من ژیانم لێ تاڵ بوو چونكه دڵنیابووم له‌وه‌ی كه ئێمه‌ش خۆم‌و مناڵكانم ده‌كوژرێین، ته‌نها دوعای ئه‌وه‌م ده‌كرد كه من به‌ر له مناڵه‌كانم بكوژن‌و مه‌رگی كه‌سیان نه‌بینم. ئه‌بێ چ هه‌ستێك بێت بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بزانیت خۆت‌و مناڵه‌كانت‌و هه‌موو كه‌سوكاره‌ت ده‌كوژرێن، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش لای هیچ كه‌سێك باسم نه‌كرد، هه‌میشه دڵنه‌وایی خه‌ڵكه‌كه‌م ده‌دایه‌و‌و ئه‌مووت رۆژێك دێت ئازاد بكرێین، درێژه‌م به‌ژیان دا، چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانیانم ده‌كرد، ئه‌گه‌رچی له‌و كاته به‌داوه‌وه زۆر خه‌مبار بووم، هه‌میشه له بیركردنه‌وه‌دا بووم".
گواستنه‌وه‌یان بۆ تكرێت، قۆناغی پێش به‌ڕیكردنیان بۆ نێو گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان
پاش ته‌واوكردنی 5 مانگ‌و 20 رۆژ له سه‌ربازگه‌ی دوبز، ئیتر قۆناغی پێش زینده‌به‌چاڵكردنیان ده‌ستیپێكرد، كه بریتی بوو له گواستنه‌وه‌یان بۆ قاعه‌كانی پشت ئه‌منی تكریت، پاشان له‌وێوشه‌وه ناردنیان بۆ دۆزه‌خی بیابانه‌كان‌و له‌ناوبردنیان، " رۆژێك ئیتر نۆره‌ی قاعه‌كه‌ی ئێمه هات، ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت به‌گواستنه‌وه‌ی زیندانیان هێنا‌و بردیانین بۆ ژماره‌یه‌ك قاعه‌ی پشت ئه‌منی تكریت، به‌ر له‌وه‌ی بچینه ناو تكریته‌وه له تابلۆیه‌ك به عه‌ره‌بی نووسرابوو شاری تكریت، كه گه‌یشتینه ئه‌وێ وه‌جبه‌كه‌ی ئێمه له 750 كه‌س پێكهاتبوو، 12 رۆژ له‌وێ ماینه‌وه، له‌وێ كوڕێكی گه‌نجی لێ‌بوو ناوی حه‌مه‌د بوو، زۆر به‌زیی پێدا ئه‌هاتینه‌وه، جارێكیان وتی خوا تۆڵه‌تان بكاته‌وه. دوو مناڵمان له‌گه‌ڵدا بوو داوای مه‌مك‌و شیرینان ده‌كرد، حه‌مه‌د رۆیشت دوو مه‌مكه شیر‌و دوو قتوو شیری بۆ هێنانین بێ ئه‌وه‌ی بهێڵێت ئه‌وانه‌ی سه‌رووی خۆی پێی بزانن، وتی ئه‌گه‌ر پێم بزانن له‌وانه‌یه بمكوژن"، پوره ره‌سمیه وای گێڕایه‌وه.
تادێت كات به‌سه‌ر ده‌چێت‌و ئه‌مانیش له كاتژمێره‌كانی پێش ره‌وانه‌كردنیان بۆ نێو ئه‌و چاڵه خۆڵانه‌ی بۆیان ئاماده‌كرابوو تێیدا شه‌هیدبكرێن نزیكتر ده‌بنه‌وه. له‌و باره‌یه‌وه پووره ره‌سمیه ده‌ڵێت: " ئێواره‌یه‌ك بوو، كه‌شوهه‌وا گه‌رم بوو، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و سه‌یارانه‌یان هێنا كه پێشتر پێی گواسترابووینه‌وه، به‌ر له‌وه‌ی له‌سه‌یاره‌كانمان سه‌ربخه‌ن، هه‌موو ئه‌و پاره‌و ئاڵتون‌و سه‌عات‌و پێداویستییانه‌ی پێمان بوو، لێمان وه‌رگیرا‌و، ئیتر دڵنیابووین كه بۆ كوشتنمان ده‌به‌ن، من هه‌وڵمدا سه‌عاته‌كه‌یان نه‌ده‌مێ وتم بۆ زانینی كاته‌كانی نوێژ سوودی لێ ده‌بینم لێم وه‌رمه‌گرن، رازی بوون‌و كردیانه منه‌تیش وتیان با ئه‌مه دیاری ئێمه بێت بۆ تۆ!. زۆربه‌مان سه‌رخراین بۆ ناو ئۆتۆمبێله‌كان، زۆر گه‌رم بوو، شوێنی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی هه‌وای زۆر كه‌م تێدابوو، چه‌ندین كه‌س له گه‌رمادا ئه‌بوورانه‌وه، چاوه‌ڕوانییه‌كه‌مان زۆری خایاند، له‌ناكاو له كونێكی ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌وه ئۆتۆمبێلێكی سپیم بینی له دایه‌ره‌ی ئه‌منه‌كه‌وه به‌رو لای قاعه‌كان‌و ئه‌و لیژنه‌یه هات كه سه‌رگه‌رمی وه‌رگرتنی شتومه‌كه‌كان‌و سه‌رخستنی ئه‌نفالكراوه‌كان بوون، یه‌كێك سه‌ركه‌وت‌و ده‌رگاكه‌ی لێكردینه‌وه وتی هه‌مووتان دابه‌زن، كه دابه‌زین ژماره‌یه‌كمان له‌هۆشی خۆیان چووبوون‌و ده‌ستبه‌جێ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی تكریت كران، كه‌مێكی پێ چوو حه‌مه‌د به روویه‌كی گه‌شه‌وه هات بۆلام پێی ده‌وتم خاڵه واته پورێ، وتی خاڵه بروسكه‌یه‌كی سه‌ید ره‌ئیس هاتووه هه‌مووتانی عه‌فوو كردووه‌و لێتان خۆش بووه، به‌ڵام جارێ باسی مه‌كه با به‌ته‌واویی دڵنیاببمه‌وه، بۆ به‌یانییه‌كه‌ی هاته‌وه‌و به‌ئاشكرا وتی ئێوه هه‌مووتان ئازاد ده‌كرێن، بڕیار له سه‌ید رئیسه‌وه هاتووه".
رێكه‌وتێكی سه‌یر رێگربوو له‌بردنیان بۆ لێواری گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان
دوای ئه‌و رووداوه، پوره ره‌سمیه بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه رێكه‌وتێكی سه‌یری تر بووه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی رۆیشتنه‌كه‌یان به‌ره‌و بیابانه‌كان دوابكه‌وێت‌و بووه‌ته فریادڕه‌سیان،" ئافره‌تێكمان له‌گه‌ڵ بوو ناوی په‌روین بوو، له‌كاتی سه‌رخستنمان بۆ نێو سه‌یاره‌كان ناوی باوكی ئه‌و په‌روینه به‌هه‌ڵه نووسرابوو، چه‌ندینجار داوای لیستی ناوه‌كان ده‌كه‌ن‌و به‌راودی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌ك، به‌ڵام ناوی باوكی ئه‌و په‌روینه له لیسته‌كاندا به‌ناوی جیاجیا هاتبوو، ئه‌مانیش بۆ ئه‌وه‌ی تووشی هه‌ڵه نه‌بن هه‌ر سه‌رگه‌رمی تاوتوێكردنی ناوه‌كان بوون، ئه‌و پرۆسه‌یه زیاتر له نیو سه‌عاتی خایاندبوو به‌ر له‌وه‌ی ناوه‌كه یه‌كلابكه‌نه‌وه بریاره‌كه‌ی سه‌دامیان بۆ دێت‌و ده‌ڵێن هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ئێستا له زمه‌ی ئێوه‌دان ده‌بێت بمێننه‌وه‌و به‌ر لێبوردنه‌كه ده‌كه‌ون".
به‌و جۆره ته‌نها نیو كاتژمێر له كاتی زێڕین له جینووسایدكردن رزگاریان ده‌كات‌و ناوی باوكی ئه‌و په‌روینه ده‌بێته فریادڕه‌سی هه‌موویان، تا 3 رۆژی تر هه‌ر له‌وێ ده‌مێننه‌وه، دواتر به پاس به‌ره‌و كه‌ركوك‌و له‌وێوشه‌وه بۆ چه‌مچه‌ماڵ ده‌گوێزرێنه‌وه، " كه گه‌یشتینه چه‌مچه‌ماڵ خه‌ڵكێكی زۆر به‌گووڵ‌و چه‌پڵه‌ڕێزان پێشوازیان لێكردین، له‌وێوشه‌وه بردیانین بۆ سلێمانی‌و پاشان شارۆچكه‌ی عه‌ره‌به‌ت، له‌وێ خه‌ڵكی عه‌ربه‌ت زۆر به‌هیمه‌ت‌و ئازایانه هاتن بۆ پێشوازیمان‌و جۆره‌ها خواردنیان بۆ هێناین، ئیتر له‌وێشه‌وه هه‌ر كه‌سه‌و به‌ره‌و ئه‌و شار‌و قه‌زا‌و ناحیانه‌یان ده‌ناردینه‌وه كه نزیكترین شوێن بوو له شوێنی ئه‌نفالكردنمانه‌وه، ئێمه‌یان نارده‌وه بۆ چه‌مچه‌ماڵ"، پوره ره‌سمیه وه‌كو كۆتاییه‌كی خۆشی فیلمێكی ترسناك باسی رزگاربوون له‌و مه‌رگه‌ساته ده‌كات.
پاش ماوه‌یه‌كی تر له قایمقامیه‌تی چه‌مچه‌ماڵه‌وه بانگ ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی زه‌وییان به‌سه‌ردا دابه‌ش بكه‌ن، له‌وێش پوره ره‌سمیه رۆڵی خۆی ده‌بینێت‌و به‌قائیمقامه‌كه ده‌ڵێت: هه‌رچی پاره‌و ئاڵتون‌و شتومه‌كی تایبه‌تیمان هه‌یه له ئه‌منی تكریت لێمان وه‌رگیراوه‌و بۆخۆیان بردووه، بزانه یارمه‌تیمان ناده‌ی بۆمان وه‌ربگریته‌وه؟ دوای ماوه‌یه‌ك هه‌مووئه‌و شتومه‌كانه‌شیان بۆ گێڕدرایه‌وه.
ئێستا پوره ره‌سمیه‌و هاوسه‌ره‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی حاجی نه‌جمه‌دین له كه‌ركوك ده‌ژین‌و ناو به‌ناویش دێن بۆ ماڵی هه‌رسێ كوڕه‌كه‌یان‌و كچه‌كه‌یان له سلێمانی. له كاتی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا ده‌مێك ئێمه ره‌خنه‌مان له ئه‌دای حكومه‌تی كوردستان ده‌گرت كه نه‌یتوانیووه وه‌كو پێویست خزمه‌ت بكات، به‌تایبه‌تی له پرسی ئه‌نفالدا، ئه‌ویش ئه‌گه‌رچی ره‌خنه‌كانی ئێمه‌ی پێ قبووڵ بوو، به‌ڵام ده‌یوت هه‌رچۆنێك بێت هه‌ر ده‌بێت حكومه‌ته‌كه‌ی خۆمان بپارێزین‌و ده‌بێت هه‌میشه به‌رپرسه‌كان ئاگاداربكه‌ینه‌وه كه ده‌بێت باشتر خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن‌و قووربانی هه‌زاران كه‌سی وه‌كو ئێمه‌یان له‌به‌رچاوبێت كه له‌پێناو پاراستنی نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و زمان‌و خاكه‌كه‌ی باجی گه‌وره‌مان دا.
له‌ڕاستیدا ده‌بێت ئه‌و شێره‌ژنانه‌ی هاوشێوه‌ی پوره ره‌سمیه كه له‌و رۆژگاره ته‌نگانه‌دا‌و له‌كاتی مه‌رگه‌ساته‌كاندا به‌وجۆره خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆیان كردووه‌و هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی له‌بیرنه‌كراویان نوواندووه، پاداشت بكرێن، په‌یكه‌ریان بۆ بكرێت، قوتابخانه‌و باخچه‌و هۆڵیان به‌ناوه‌وه بكرێت، قه‌ره‌بوویان له حكومه‌تی عیراق بۆ وه‌ربگیرێت.