شانۆگەری "سەرەتا.. زۆر سەرەتا"
لەنێوان فەلسەفەی رەشبینی و گەشبینیدا

  2020-01-11 14:10      502 جار بینراوە        کۆمێنت
مەلا بەختیار

مەلا بەختیار

ئێوارەی (9-1-2020) لە هۆڵی ساردو سڕی هونەرە جوانەكاندا، بینەری شانۆگەری "سەرەتا.. زۆر سەرەتا" بوین، لەلایەن بەشی شانۆی بەڕێوەبەرایەتی رۆشەنبیری سلێمانیەوە، پێشكەشكرا. ئەكتەرەكان (10) یان تازە دەرچوی پەیمانگای هونەرە جوانەكان و (3)شیان ئەزمونیان هەبوو. لە دەرهێنان و نوسینی (شوان كەریم)ە. شوان لە ئەڵمانیادا دەژی، كە دێتەوە ۆورك شۆپی شانۆیی بۆ هونەرمەندە تازەكان دەكات و شانۆگەریان لەگەڵ پێشكەش دەكات. (9) ساڵە كاری هونەری دەكات، لە (18-12)ەوە هەتا ناوەڕاستی ئەم مانگە شانۆگەریەكە بەردەوام دەبێت.
دیە عەلی و شاد شەوكەوت، هاوكات، سۆنا ئاوات و لاوك ئەبوبەكر.. دوو دوو، رۆڵی سەرەكیان گێڕا. داهێنەرانە مەبەستی نوسەر و دەرهێنەریان بەرجەستە كردبوو. باقی هونەرمەندەكانیش، بە كچ و كوڕەوە، شانەی هەنگ ئاسا، پەردە پەردە، بەگواستنەوەی چوار شوێنی نمایش و گۆڕانكاری دیكۆر و جوڵەپێكردنی ئامادەبوان، لە شوێنێك بۆ شوێنی دیكە.. بەڵكو ئاوێتەبونی ئەكتەرەكان لە ناو ئامادەبوان بە دواندن و نواندن، سەبارەت بە شانۆگەری كوردستان، نوێگەری بوو. گەرچی، بە كار و دیكۆر و رێكخستنی شوێنی بینەرانەوە، كەم دەرامەتی بە تیپەكەوە دیار بوو. بەڵام پەرۆشی و داهێنانی تیپەكە، بەو كەم دەرامەتیەشەوە، جۆشی داهێنانی هونەری شانۆیی دەخوارد. لەكاتێكدا، ئەرزەی هۆڵەكانیشیان كردبووە سەكۆی شانۆ!
دەقەكە، بەئاڕاستەی فەلسەفەی بونیادگەرایی ئاوێتە بەرادەیەك نەهلستی نوسراوە. واتا: فەلسفەی نوێی شانۆگەری هەڵقوڵاو لە ژیانی ریالیستیەوە، كاریگەری دیاربوو. سەراپا دیمەنی رەشبینی.. لەناو دیاردە دزێوەكانی پەیوەندی هاوسەرێتی و كولتوری دواكەوتوو، بەرجەستە دەكراو چەندین جار دووبارە دەكرایەوە (ژیان ئازارێكی بەردەوامە..) بەڵام لە كۆتایی شانۆگەریەكەدا، ئومێدیان بەخشیەوە ژیان و بەگۆرانی بێژەكەوە، كە لە فێرگەی عومەر دزەیەوە، ئاوازی دەچڕی، پێكرا كۆتاییان بەوە هێنا كە: جوانی ژیانت بیر نەچێ‌.
دەستیان خۆشبێ‌.. بەدڵنیاییەوە، ئەم تیپە و ئەم ئەكتەرە تازە رچە شكێنەرانە و ئەم دەرهێنەر و نوسەرە بەسەلیقەیە.. پاشەڕۆژی باشتریان لـێ‌ چاوەڕوان دەكرێ‌.
لەكۆتاییشدا دەڵێم: كاتێك، شانۆنوس و شانۆگەری، ئەم چەشنە دەقە رەخنە ئامێزانە زاڵ دەبێ‌ بەسەریاندا و كەمتر لە شانۆگەریەكانی ئێستادا، گەشبینی دەبینرێ‌.. دەبێ‌ ئیتر بزانین كەوا:
كێشەی كۆمەڵایەتی، لەم سەردەمەدا قوڵ بون و دەسەڵاتی سیاسیش لە دەرەوەی بازنەی گەشبینی شانۆگەریدان.. پەیامی شانۆگەریش، ئاوێنەی كێشەو رودواوەكانە. شانۆگەری راستەقینە دەڵێم.. نەك رستكراو!!
كاتێكیش، ژیانی كۆمەڵایەتی و دەسەڵات دەكەونە بەردەم نەشتەرگەری شانۆگەری، ئەمە زەنگێكی مەترسیدارە.. دەبێ‌ دركی پێ‌ بكرێ‌!!

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو