جێگره‌وه‌ی‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ ئاشكرا بوو

  2020-01-21 09:33      286 جار بینراوە        کۆمێنت

سه‌رچاوه‌ هه‌واڵگرییه‌كان ناسنامه‌ی‌ جێگره‌وه‌ی‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ سه‌رۆكی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعشیان بۆ رۆژنامه‌یه‌كی‌ به‌ریتانی‌ ئاشكرا كرد كه‌ ناوی‌ ئه‌میر محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌لمه‌ولا ئه‌لسلبی‌- یه‌.
رۆژنامه‌ی‌ گاردیانی‌ به‌ریتانی‌ رایگه‌یاند: كه‌ سه‌رۆكی‌ نوێی‌ داعش یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی‌ رێكخراوه‌كه‌ و یه‌كێكه‌ له‌دیارترین ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌كاتی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ رێكخراوه‌كه‌دا له‌عیراق ئێزدیه‌كانی به‌ ئامانج ده‌گرت.
به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كان، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ رابردوودا ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ سه‌رۆكی‌ رێكخراوی‌ داعش له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ له‌ناوچه‌یه‌كی‌ سوریای‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ توركیا كوژرا، رێكخراوه‌كه‌ رایگه‌یاند: كه‌ راسته‌وخۆ سه‌رۆكی‌ نوێ ده‌ستبه‌كار بووه‌ و له‌و كاته‌دا باس له‌ئه‌بوبه‌كر هاشمی‌ ئه‌لقوڕه‌یشی‌ وه‌ك جێگره‌وه‌ی‌ ده‌كرا.
به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كان سه‌رۆكی‌ نوێی‌ داعش ناوی‌ ئه‌میر محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌لمه‌ولا ئه‌لسلبی‌- یه‌ و له‌خێزانێكی‌ توركمانی‌ له‌شارۆچكه‌ی‌ ته‌له‌عفه‌ری‌ سه‌ر به‌ شاری‌ موسڵ‌ له‌دایك بووه‌ و یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ئایدۆلۆژیای‌ توندڕه‌وه‌ی‌ رێكخراوه‌كه‌ هه‌بووه‌ و هه‌ندێك كه‌س به‌ حاجی‌ عه‌بدوڵا قارداش ناوی‌ ده‌به‌ن.
له‌ئابی‌ رابردوودا وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا خه‌ڵاتێكی‌ به‌ بڕی‌ پێنج ملیۆن دۆلار راگه‌یاند بۆ هه‌ر كه‌سێك كه‌ زانیاری‌ له‌سه‌ر شوێنی‌ ئه‌لسلبی‌ و دوو سه‌ركرده‌ی‌ تر كه‌ پێشبینی‌ ده‌كرا ببنه‌ جێگره‌وه‌ی‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ ته‌رخان كرد.
ئه‌لسلبی‌ توێژه‌ره‌وه‌ی‌ ئاینی‌ بووه‌ له‌رێكخراوی‌ قاعیده‌ له‌عیراق و له‌ 2004دا له‌ زانكۆی‌ موسڵ‌ خوێندوویه‌تی‌ و خۆڕاگرانه‌ پله‌كانی‌ له‌رێكخراوه‌كه‌ بڕیوه‌ تا بووه‌ته‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ باڵای‌ داعش و به‌رده‌وام هاوكاربووه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردن و پاساوهێنانه‌وه‌ بۆ رفاندنی‌ ئێزدییه‌كان و كوشتنیان و گومان ده‌كرێت سه‌رپه‌رشتی‌ به‌شێك له‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانی‌ رێكخراوه‌كه‌ی‌ له‌جیهاندا كردبێت.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو