هاوپەیمانان دەستیانکردەوە بە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە

  2020-01-22 10:26      303 جار بینراوە        کۆمێنت

هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیانکردەوە بە مەشقکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە، دوای ئەوەی بەهۆی گرژییەکانی ئەمریکا و ئێرانەوە بۆ ماوەیەکی کاتی ڕایانگرتبوو.
لیوا قارەمان کەمال جێگری سەرۆک ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند لەماوەی سێ هەفتەی ڕابردودا بەهۆی ڕوداوەکانی ناوچەکە و ململانێکانی ئەمریکا و ئێرانەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش سەرجەم کارەکانیان لەهەرێمی کوردستان ڕاگرتبوو.
وتیشی : دوای ئاساییبونەوەی دۆخەکە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئێمەیان ئاگادارکردووەتەوە کە دەستدەکەنەوە بە مەشق و ڕاهێنانکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە، لەئەمڕۆشەوە بەشێوەیەکی ئاسایی مەشق و ڕاهێنانەکان دەستیانپێکردووەتەوە..
جێگری سەرۆک ئەرکانی پێشمەرگە باسی لەوەشکرد، سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانی دەستیان کردووەتەوە بە مەشقکردن بە هێزەکانیان و سەردانەکەی دوێنێی وەزیری بەرگری ئیتاڵیاش هەمان بابەتی تێدا باس کراوە و جەختیان لەبەردەوامیدان بە مەشقەکان کردووەتەوە بەهێزەکانی پێشمەرگە.
لەسەرەتای ئەم مانگەوە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریکا و بۆردومانکردنی بنکەکانی ئەمریکا لەعێراق لەلایەن ئێرانەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ناتۆ سەرجەم چالاکییەکانیان لەعێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگرت.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو