جەنگی جێگرەوەی خامنەیی لەئێران

  2020-01-25 09:35      453 جار بینراوە        کۆمێنت

دوای زیاتر لە 20 رۆژ لە كوژرانی قاسم سولەیمانی، ئاماژەكانی كێبڕكێ لەسەر جێگرەوەی عەلی خامنەیی دەركەوتوون، بەتایبەت كە سوپای پاسداران لەجاران زیاتر بەهێزتربووە.
رۆژنامەی فاینانشیال تایمزی بەریتانی، راپۆرتێكی بەناونیشانی "جەنگی جێگرەوەی خامنەیی لەئێران" بڵاوكردووەتەوەو تێیدا باس لەوەكراوە، جەنگێكی ناڕوون هەیە لەسەر دیاریكردنی جێگرەوەی عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران و ململانێكان بۆ دیاریكردنی جێگرەوەكەی گەیشتونەتە ئاستێكی باڵاو رۆژانە لەنێوان پارتە سیاسییەكان و كاربەدەستە باڵاكان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا ململانێكان لەنێوان سوپای پاسدارانی ئێران و باڵی ریفۆرمخوازی ئێران هەیەو لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا خامنەیی بەتەواوەتی پشتگیركردنی خۆیی بۆ سوپای پاسداران دوپاتكردۆتەوەو بابەتی كوژرانی قاسم سولەیمانیشی بەكارهێناوە بۆ ئەوەی هەژمونی خۆی بەسەر سوپای پاسداران و وڵاتەكەی زیاتر بكات، هەروەها دەسەڵات و هەژمونی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی سوپای پاسدارانیشی بەهێزتر كردووە، جگە لە یەكلاییكردنەوەی ململانێ سەربازییەكان دەتوانێت ململانێ سیاسییەكانیش یەكلایی بكاتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە هەینی رابردووتر خامنەیی بۆ یەكەمینجار دوای هەشت ساڵ لەتارانەوە وتارێكی پێشكەشكردو هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی قاسم سولەیمانی و دژایەتی توندی ئەمریكای دوپاتكردەوە، دواتریش هەر بەبڕیارو ئامادەیی و چاودێری ئەو هێرشەكان بۆسەر بنكە ئەمریكییەكان لە عیراق ئەنجامدران، بەوەش پێگەی خۆیی وەكو رێبەر بەرزتر نیشانداوەتەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت خامنەیی دوای هەشتا ساڵ هێشتا هەژمونە بەهێزەكەی جارانی ماوە.
هەروەها كاریكردووە بۆ ئەوەی مەراسیمی ماڵئاوایی قاسم سولەیمانی بكەن بە گەورەترین مەراسیمی ماڵئاوایی لە جیهاندا ئەویش بۆ ئەوەی سۆزی سەركردایەتی و ئەندامانی سوپای پاسداران بەتەواوەتی بۆ خۆی رابكێشێت.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكەی فایناشناڵ تایمز، خامنەیی بەو كارانەی رێگاو ئایدیۆلۆژیاكەی خۆیی بۆ دژایەتی ئەمریكاو رۆژئاواو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دوپاتكردەوەو دوبارە دژایەتی ئەو ویستەی راگەیاند كە ریفۆرمخوازەكان و سەركردەكانی دیكەی ئێران وەكو رۆحانی و زەریف و كەڕوبی هەیانە، بۆ كردنەوەی ئێران بەڕووی هەموو جیهانیدا بە ئەمریكاشەوە، هەروەها خامنەیی بەمتمانەدانی زیاتر بە سوپای پاسداران و زیادكردنی بودجەو پشتگیریكردنی بۆیان كارێكی وایكردووە كە سوپای پاسدارانیش بەفەرمی پشتیوانی ئەو كەسە بكات كە خامنەیی بۆ جێگرەوەی خۆیی دیاری دەكات و دەسەڵاتەكانیشی زیاتر بكات.
كەسێكی نزیك لە ریبەری كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە، گۆڕانكاریەكانی ئەمدواییە پێمان دەڵێن كە ئەمریكا دەیەوێت لە هەر كاتیكدا بێت هێرش بكاتە سەر ئێران، بۆیە پێویستە كەسێكی زۆر بەهێزو سەركردەیەكی گەورەو بەتوانا بۆ جێگرەوەی خامنەیی دیاری بكرێت، چونكە وڵاتەكەمان بەرگەی شكست ناگرێت.
تا ئێستا ئەو ناوەی كە بە ئاشكرا دیارە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستەی خامنەیی كوڕی دووەمیەتی، بەناوی موجتەبا خامنەیی و زۆرترین قسەی لەبارەوە دەكرێت، بەڵام لەو كاتەدا پۆستی رابەری كۆماری ئیسلامی لە شیاویی دەستاودەستەوە دەبێتە پشتاوپشت، ئەوەش نیگرانی توندی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێرانی لیدەكەوێتەوەو بەدوبارە گواستنەوەی دەسەڵاتی راستەقینە لەسەرۆككۆمارەوە بۆ رابەر ناوی دەبەن.

 

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو