وتەبێژی سەدر: دەبێت خۆپیشاندەران لەسەر كاندێدێك بۆ سەرۆكوەزیران رێكبكەون

  2020-01-25 11:03      200 جار بینراوە        کۆمێنت
سەڵاح عوبێدی وتەبێژی نوسینگەی موقتەدا سەدر

وتەبێژی موقتەدا سەدر رایگەیاند، باڵیۆزی ئەمریكا لەبەغدا پلانی هەڵگیرساندنی فیتنەی لەخۆپیشاندانەكەی دوێنێدا داڕشتبوو، بەڵام بەهۆی عەقڵی عەمامە بەسەرەكانەوە پوچەڵكرایەوە.
سەڵاح عوبێدی وتەبێژی نوسینگەی موقتەدا سەدر ئاشكرایكرد، سەرەڕای ئەوەی سەدر پشتیوانی خۆپیشاندەرانی تشرین كردووە، بەڵام لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا ڕووبەڕووی سوكایەتیكردن بۆتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ژمارەیەك لەخۆپیشاندەران ڕێگەیان گرتووە لەبەشداریكردن لەو خۆپیشاندانەی كە بۆپاراستنی سەروەری خاكی عیراق ئەنجامدرا.
سەڵاح عوبێدی ئەوەشی روونكردۆتەوە، ئەمریكییەكان هانی هەڵگیرساندنی شەڕی ئەهلی شیعی-شیعی دەدەن، باڵیۆزی ئەمریكاش چاوەڕوانی ئەو شەڕەیەو هاریكاری سەرهەڵدانی ئەو دۆخە دەدات، ئەوەش دوای ئەوەی سەدان كەس لەخۆپیشاندەران لەكاتی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكاندا بوونەتە قوربانی.
وتەبێژەكەی نوسینگەی سەدر باسی لەوەشكرد، سنگی خۆپیشاندەرانی سەروەری فراوان بوو، ئەوەش وایكرد بێ هیچ توندوتیژییەك كۆتایی بێت. وتیشی: پلانی هەڵگیرساندنی فیتنەو ئاژاوەكە لەباڵێۆزخانەی ئەمریكاوە دادەڕێژرێت، بەڵام بەهۆی عەقڵی عەمامە بەسەرەكانەوە هیچ توندوتیژییەك روینەدا.
وتەبێژەكەی سەدر خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەحریر بەوە تۆمەتبار دەكات كە بەرنامەی ئەمریكا لەڕیگەی شكستپێهێنانی كاندیدەكانی سەرۆكوەزیرانەوە جێبەجێدەكەن.
عوبێدی باسی لەوەشكرد، زۆربەی ئەو هێرشانەی كە دەكرێنە سەر سەدر لەڕێگەی ئەو بەكرێگیراوانەوەیە كە بانگەشەی ئەوە دەكەن پەیوەندیان بە خۆپیشاندەرانەوە هەیە، یاخود لەلایەن هەندێ خەڵكەوەیە لەدەرەوەی وڵات كە دەیانەوێت لەڕێگەی خۆپیشاندانەكانەوە پۆستیكیان دەستبكەوێت.
لەكۆتایی قسەكانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا تۆپەكە لەگۆڕەپانی خۆپیشاندەراندایەو دەبێت لەسەر كاندێدێك بۆ سەرۆكوەزیران رێكبكەون و ئەو مەرجانەی تیدا بێت كە مەرجەعیەت و خەڵكی عیراق دایانناوە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو