پەیامی سەرۆكایەتی یەكێتی نیشتمانی لەیادی 32 ساڵەی شەهیدكردنی هەڵەبجەدا
2020-03-16 11:32     1838 جار بینراوە      کۆمێنت
بەبۆنەی 32 هەمین ساڵیادی كیمیاباران كردنی هەڵەبجەی شەهید لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێك ئاڕاستە دەكات.
دەقی پەیامەكە..
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی كیمیاران، بریندارانی چەكی كیمیاوی، خەڵكی شاری شەهیدپەروەری هەڵەبجە، كۆمەڵانی بەشەرەفی خەڵكی كوردستان.
وا جارێكی تر، هەموومان لەبەردەم كۆست و كارەساتی كیمیاباران و یادی شەهیدكردنی شاری هەڵەبجەدا، دڵ پڕ لە سوێ و چاو بە گریان راوەستاوین و برینەكەمان گەورەیە. 16-3-1988، بەبەرچاوی دنیاوە، رژێمی دڕندەی بەعسی فاشیست، (5000) مناڵ و پیرو ژن و پیاوی خنكاندین. لەو كاتەوە، هاوارێكی گەورە بۆ سزادانی بەرپرسان و تاوانبارانی ئەم جینۆسایدە، لە گەرومان دا تاساوەو هێشتا نیگەرانین لەو بێدەنگییەی كە دەسەڵاتدارانی دنیا بەرامبەر كارەساتی هەڵەبجە هەڵیانبژارد.
ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەڵەبجە بە قیبلەی فیداكاریی گەلی كوردستان دەزانین و باوەڕمانوایە كە پاش هەرەس، ناساندنەوەی مەسەلەی كوردستانی باشور بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پاراستنی راپەڕین و ئەزموونی حوكمڕانیی كوردی لە هەرێمی كوردستان، قەرزاری هەڵەبجەو شەهیدو بریندارەكانییەتی. هەروەك چۆن قەرزاری ئەنفالكراوان و تەواوی شەهیدو تێكۆشەرانی كوردستانە.
سەرباری بێ دەنگییە سیاسییە كورتخایەنەكەی دنیا بەرامبەر ئەم تاوانە دڕندانەیە، وا (32) ساڵەو هەموو رۆژێكی 16-3، لە هەر كوێیەكی ئەم جیهانە كوردێك، ئاشتیخوازێك و مرۆڤ دۆستێك هەبووبێت، یادی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجەی بەرز راگرتووەو یەكێتیش، ئەم یادەی وەكو بەشێك لە ناسنامەی خەباتی گەلی كوردستان، لە ئەدەبیاتی سیاسی خۆی دا بەرز پاراستووە.
ئەم باوەڕە نەگۆڕەمان بە پێگەی هەڵەبجە لە بوونی نەتەوەییمانداو، ئەم هاوخەمییە قووڵە بۆ قوربانییەكانی، رێنیشاندەرمانە لە كاركردنی زیاتر، وردترو دڵسۆزانەتر بۆ هەڵەبجەی شەهیدان كە هەر بە دەستپێشخەری و هەوڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئێستا بووە بە پارێزگاو پایتەختی ئاشتی و ئامانجمانە كە بە پشتیوانیی دڵسۆزانی گەلەكەمان، بكرێت بە پایتەختی بوژاندنەوەو ئاوەدانی نیشتمان و بۆ ئەم مەبەستەش، پلان و كاری نوێی وردمان دەبێت. داواش لە كادرو ئۆرگانە پەیوەندارەكانی یەكێتی، حكومەتی هەرێمی كوردستان، حكومەتی فیدراڵی عیراق و رێكخراوە نێودەوڵەتییە چالاكەكانی ناو هەرێم و عیراق دەكەین، خزمەتی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی چەكی كیمیاوی بكەن و توانایەكی دارایی و مرۆیی زیاتر بۆ بوژاندنەوەی پارێزگای هەڵەبجە تەرخانبكەن كە پێویستیانە.
لە پێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی بریندارانی چەكی كیمیاوی و كەسوكاریان و لەژێر كاریگەریی هەڕەشەی پەتای جیهانیی كۆرۆنا، لایەنە پەیوەندارەكانی پارێزگای هەڵەبجە، بڕیاریاندا ئەمساڵ بۆ بەرز راگرتنی یادی (32) ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە مەراسیم رێكنەخەن. بەڵام ئێمە وەك ساڵانی تر، ئەمساڵیش یادی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە بەرز رادەگرین و لە دڵماندا یادی شەهیدان دەكەینەوە. داواشدەكەین دۆست و لایەنگرو ئەندامانی یەكێتی و تەواوی خەڵكی كوردستان، یادی كارەساتی هەڵەبجە، لە دڵ و دەرونیاندا بە زیندویی و بەرز رابگرن و ئەمساڵیش لە ساتەوەختی بۆردومانە شوومەكەی رژێمی فاشیستی بەعس دا، لەكاتژمێر 11:35 خولەكی سەرلەبەیانی، لە هەرجێیەك بن، بۆ گیانی پاكی شەهیدان ساتێك بە بێ دەنگی راوەستن.
دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كیمیاباران كردنی هەڵەبجەو تەواوی شەهیدانی رێگەی رزگاریی كوردستان
سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
16-3-2020
بابەتی زیاتر