پەرلەمانتاران دژی کەمکردنەوەی مووچەن

  2020-03-31 23:10      224 جار بینراوە        کۆمێنت
ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری‌ كورد دژی‌ هه‌ر ده‌ستكاریكردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمن

ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری‌ كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق، له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا به‌تووندی‌ دژی‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی‌ ده‌ستكاریكردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمن و له‌وباره‌یه‌وه‌ هۆشدارییان داوه‌و ده‌ڵێن: ئێمە بۆ پاراستنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە دەستکاریکردن و کەمکردنەوە هەموو هەوڵێکی پەرلەمانی و یاسایی و مەدەنی و دبلۆماسی دەگرینەبەر.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌نگۆی‌ ده‌ستكاریكردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ له‌ئارادایه‌.

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ روونكردنه‌وه‌كه‌یانه‌:

روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی

لەکاتێکدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایروسی کۆرۆناوە، تەواوی حکومەتەکانی دنیا رێوشوێنی خۆپارێزیان گرتۆتە ەر و هەوڵدەدەن کاریگەریە تەندروستی و کۆمەلایەتی و ئابوریەکانی لەسەر شانی کۆمەڵگەکانیان سوک بکەن و مەترسیەکانی لە خەڵک بەدور بگرن .
لەم ساتەوەختە مێژوییە هەستیارەدا،خەڵکی عێراق هەست بە دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکەن بەهۆی ئەوەی زیاد لەقەیرانێک رووبەڕوویان بۆتەوە،لەوانە قەیرانی سیاسی و حوکمڕانی کە خۆی لە پێکنەهێنان و رێکنەکەوتن لەسەر کابینەیەکی نوێی حکومەتی فیدڕاڵدا دەبینێتەوە و هاوزەمان قەیرانی دارایی و ئابووریش بۆتە هەڕەشە و جگە لە لاوازی سیستمی تەندروستیی کە دەمێکە داوای گۆرینی بنەرەتی دەکرێت تیایدا.
هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە هاوکێشەی ئەو ناوچە پڕئالۆزە،لەجیاتی ئەوەی سەرکردە و بکەرە سیاسیە سەرەکیەکانی کاری شەو و ڕۆژیان هاوشانی گەڕان بەدوای دەرچەیەکدا بۆ ڕزگاربوون لەو ڤایروسە و پاراستنی هاووڵاتیان،لەهەوڵی ئەوەدابن لێکەوتە نەرێنییەکانی قەدەغەی هاتوچۆ و وەستانی کار و کاسبی و بازاڕ، بەسەر هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەت کەمبکەنەوە،کەچی زۆرینەی کۆبونەوەکانیان تەرخانکردووە بۆ زیادکردن و فراوانکردنی کاریگەرییە نەرێنیەکانی ئەو دۆخە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان بەگشتی بە مووچەخۆر و خەڵکی کاسبەوە.
دیارترین هۆکار بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک لە هەرێمی کوردستان پرسی کەمکردنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانە ئەمەش بە لێدوانی زۆر و جیا و دژیەک لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە.
ئەم دەستەپاچەبونەی حکومەتی هەرێم لەکاتێکدایە لەزۆرێک لە ولاتاندا حکومەتەکان پارە تەرخاندەکەن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەکە و لێکەوتەکانی و قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی کەرەنتینەکردنیانەوە دووچاری بێدەرامەتی بوون و سەبەتەی خۆراکیان بۆ دەنێرێتە ماڵەکانیان و مووچەی تایبەتیان بۆ دەبڕنەوە.
بەرپرسانی هەرێم بەهۆی لێنەوەشاوەییان لەئیدارەدانی هەرێمێکی (٥) ملیۆن کەسی، وە بەهۆی ئەو کەموکوڕییە کەڵەکەبوانەی سالانی حوکمڕانیان تائێستا نەیانتوانیوە پلانێکی گونجاو لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بە تایبەت لە سەر ئاستی ئابوری بخەنە ڕوو.
لەبەرامبەر نەبونی ئەو پلانەدا لەسەر زاری بەرپرسە باڵاکانی حکومەت و پەرلەمانی هەرێمەوە ئاماژە بەوەدەکرێت جارێکی تر دەستکاری موچەی فەرمانبەران بکەن لەکاتێکدا مانگانە پشکی هەرێم لە بەغداوە دەنێردرێ.
ئەو پارەیەی کەلە بەغداوە دەنێردرێت بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخانکراوە و لە یاسای بودجەشدا بەو ناوەوە جێگیرکراوە و بەهیچ شێوەیەک و لە ژێر هیچ پاساوێکدا حکومەتی هەرێم بۆی نیە دەستببات بۆ کەمکردنەوەی موچە یا بەکارهینانی لە کایەی تردا.
حکومەتی هەرێم کە حەوت ساڵە نەیتوانیوە یاسای بودجەی هەبێت بۆ بە یاساییکردنی داهات و خەرجیەکانی ئیستا ناتوانێت هەرکاتێک مەبەستی بو بێ هیچ چوارچیوەیەکی یاسایی دەسکاری موچە و قوتی خەڵک بکا .
لە هەمو سیستمە سیاسیەکان بە سیستمە نادیموکراسیەکانیشەوە موچەی فەرمانبەر جۆرێک لە پارێزبەندی هەیە و بەیاسا نەبێت دەسکاری ناکرێ پێچەوانەی هەرێمی کوردستان کە لە رابردودا بینیمان لەلایەن حکومەتەوە بێ گەرانەوە بۆ پەرلەمان دەسکاریکرا و سیستمی پاشەکەوتی زۆرەملێ بەسەر موچەی فەرمانبەراندا سەپێنرا.
لێرەوە هۆشداری دەدەین ئەگەر دەستکاری مووچە و قوتی فەرمانبەران بکرێت، ئێمە ئەو پەرلەمانتارانەی لە خوارەوە واژۆمان کردوە بە هەموو شێوەیەک دژی هەنگاوێکی لەوشێوەیەی حکومەتی هەرێم دەوەستینەوە.
ئێمە بۆ پاراستنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە دەستکاریکردن و کەمکردنەوە هەموو هەوڵێکی پەرلەمانی و یاسایی و مەدەنی و دبلۆماسی دەگرینەبەر.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو