نرخی مریشك دابەزیوەو هێلكە گران بووە

  2020-04-03 11:39      454 جار بینراوە        کۆمێنت

نرخی مریشك لەبازاڕەكانی شاری سلێمانی و دەوروبەری كەمێك دابەزیووە، چاودێری بازرگانی سلێمانیش هۆكاری دابەزینی نرخەكە ئاشكرا دەكات و دەڵێت، نرخی هێلكە وەك خۆیەتی.
سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی لەسلێمانی رایگەیاند، بەبەراورد  بەچەند رۆژی رابردوو لەئێستادا نرخی مریشك دابەزیووە، بەشێوەیەك نرخی  كیلۆیەك گۆشتی مریشك لەنێوان هەزارو 750 بۆ 2000 دیناردایە.
ئاماژەی بەوەشكرد، نرخی هێلكەی خۆماڵی گرانە، بەڵام هیچ گۆرانكاریەك بەسەر نرخەكەیدا نەهاتووە، هەر تەبەقێك هێلكە نرخەكەی لە نێوان 5000 بۆ 6000 دیناردایە.
لە هەرێمی كوردستان 12 كێڵگەی بەخێوكردنی مریشكی هێلكەكەر هەن، لە مانگی 6ی ساڵی رابردووش وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی عیراق، بڕیاری قەدەخەی هاوردەكردنی هێلكەی دەركردووە، بەڵام نرخی مریشك هیچ گرانبوونێكی بەخۆوە نەبینیوە، بەڵكو نرخەكەی كەمیكردووە، هۆكارەكەشی بۆ زۆری كێڵگە پەلەوەریە ناوخۆیەكان گەراندۆتەوە.
بەپێی ئامارەكان، كوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیكەی 905 ملیۆن و 72 هەزار هێلكە‌یە، ئەگەر هەر تاكێك ساڵانە بە ‌تێكڕا 150 هێلكە بخوات، واتە رۆژانە كوردستان دوو ملیۆن و 480 هەزار هێلكەی پێویست دەبێت.
 بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی لەسلێمانی روونیكردەوە،  هێلكە بەشی پێداویستی رۆژانە ناكات، بەو هۆیەوە لە هەولێرەوە دەیهێنن، بەو هیوایەن بازرگانان بیر لە بەرهەمهێنانی هێلكە بكەنەوە، چونكە خۆراكێكی رۆژانەی هاووڵاتیانە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو