بیست ساڵ به‌سه‌ر كۆچی‌ دوایی‌ مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د-ی‌ سیاسه‌تمه‌دار‌و ئه‌دیب دا تێده‌په‌ڕێت

  2020-04-07 19:57      163 جار بینراوە        کۆمێنت
مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د-ی‌ سیاسه‌تمه‌دار‌و ئه‌دیب

سبه‌ی‌ چوارشه‌ممه‌ 8ی‌ نیسان، 20 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی سیاسه‌تمه‌دارو خه‌باتگێڕو نوسه‌ری ناوداری گه‌له‌كه‌مان ( مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ) تێده‌په‌ڕێت، ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ی گه‌له‌كه‌مان كه‌ دوای ده‌یان ساڵ خه‌بات و تێكۆشان له‌پێناو دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان، له‌ 8-4-2000، له‌ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا له‌ شاری له‌نده‌ن ماڵئاوایی له‌ خاك و نه‌ته‌وه‌ی كورد كردو له‌دوای خۆیشی خه‌رمانێك له‌ بڵاوكراوه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی بۆ گه‌له‌كه‌مان جێهێشت.
مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، له‌ 6-3-1914، له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناسراوی شاری سلێمانی باشوری كوردستان له‌‌دایكبووه‌، ره‌مزی فه‌تاح كه‌ ئه‌فسه‌رێكی كورد بووه‌، مامی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بووه‌و كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر رۆشنبیری بوونی برازاكه‌ی هه‌بوو، هه‌ربۆیه‌ زوو ره‌وانه‌ی قوتابخانه‌ی ده‌كات. ئه‌م كاریگه‌رییه‌ی مامی، تا قۆناغه‌كانی دواناوه‌ندی خوێندنی هه‌ر به‌رده‌وامبوو، له‌ ساڵی 1937 له‌ شاری به‌غدا كۆلیژی یاسا ته‌واو ده‌كات.

ژیانی سیاسی

مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ ته‌ك نووسین، سه‌رقاڵی كاری سیاسیش بووه‌، له‌ شاری سلێمانی گوێبیستی سروودو هۆنراوه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ران و هه‌واڵی شۆڕشی شێخ مه‌حمودی نه‌مر بووه‌، هه‌روه‌ها بۆردومانی شاری سلێمانی له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی ئینگلیزه‌وه‌ كاری تێكردووه‌، جگه‌ له‌و هه‌لومه‌رجه‌ تایبه‌تییه‌ی ئه‌وكاته‌ی سلێمانی، مامه‌ ره‌مزی-یشی رێبه‌رایه‌تی كردووه‌ بۆ ئاشناكردنی به‌خه‌باتی رزگاریی و نه‌ته‌وایه‌تی.
له‌ ساڵانی سییه‌كانداو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك خوێندكاری كورد له‌ به‌غدا، گروپێكی به‌ناوی "لاوانی كورد" پێكهێناوه‌و گۆڤارێكیشی به‌ناوی "دیاری لاوان" بڵاوكردۆته‌وه‌.
مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌ دامه‌زرێنه‌رو لێپرسراوی( ژ ك ) له‌ كوردستانی باشوور ده‌ناسرێت، كه‌ سه‌ر به‌ مه‌ڵبه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستانی رۆژهه‌ڵات بووه‌، كه‌ سه‌روه‌ری دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان ( مه‌هاباد 1946 )ی هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڤاڵه‌كانیدا توانیبووی له‌ زۆر ناوچه‌ی كوردستان لقی "ژ ك" و پاشان "حدك" بكاته‌وه‌.
پاش رووخانی كۆماری مه‌هاباد، له‌ ساڵی 1947 دا مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌دو لقی "ژ ك" له‌پاش كۆبونه‌وه‌یه‌ك بڕیاریاندا بچنه‌ ناو پارتی دیموكراتی كوردستان، مامۆستا ئیبراهیم به‌ سه‌رۆكی لقی سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردرا.
له‌ ساڵی 1948 پاش ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌وكاته‌ی عیراق به‌ربووه‌ گیانی شۆڕشگێڕانی كوردو پارتی دیموكراتی كوردستان، مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بۆ ماوه‌ی 18 مانگ به‌ندكرا، دوای ئازادكردنیشی تا هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی 14ی ته‌مموزی ساڵی 1958، رێگای خه‌باتی نهێنی گرته‌به‌ر.
له‌ شوباتی ساڵی 1951، له‌میانه‌ی كۆنگره‌ی دووه‌می پارتی له‌ شاری به‌غدا، مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ به‌ سكرتێری گشتی پارتی هه‌ڵبژێردرا، هه‌ر له‌و كۆنگره‌یه‌داو له‌سه‌ر پێشنیازی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، ناوی پارتی گۆڕا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان- عیراق.
له‌سه‌ر كارو چالاكی سیاسی له‌ هاوینی 1951 دا، له‌ سلێمانییه‌وه‌ گوێزرایه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك. ساڵی 1961 مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د وه‌ك سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی خه‌بات كاری ده‌كرد، پێش داخستنی رۆژنامه‌كه‌و لێسه‌ندنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی پارتی له‌ كۆتایی ساڵی 1961، ناچاربوو شاری به‌غدا به‌جێبهێڵێت و خۆی بشارێته‌وه‌.
له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلول، روویكرده‌ شاخ و له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ شۆڕشه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردووه‌.
پاش هه‌ره‌سی شۆڕشه‌كه‌، رووده‌كاته‌ هه‌نده‌ران و زۆربه‌ی ژیانی له‌ شاری له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا گوزه‌راندووه‌.

ژیانی ئه‌ده‌بی و رۆژنامه‌وانی

مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه‌ ده‌ستی داوه‌ته‌ كاری نووسین و رۆژنامه‌وانی، له‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا له‌ رۆژنامه‌ی "ژیان" كاریكردووه‌و نۆبه‌ره‌ی نووسینه‌كانی له‌وێ بڵاوكردۆته‌وه‌، له‌به‌ر شاره‌زایی نووسین، "پیره‌مێرد"ی شاعیرو خاوه‌نی رۆژنامه‌ی ژیان له‌ نووسێنێكدا ستایشی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌كات و ده‌نووسێت: ژیان چاوه‌ڕێی ئه‌م كوردییه‌ ره‌وانه‌یه‌، پیره‌مێردیش به‌هیوای نه‌وجه‌وانانه‌.
كاتیكێش خوێندن ته‌واو ده‌كات، دیسان پیره‌مێرد باسی ده‌كات و ده‌ڵێت: له‌ خوێنده‌واره‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كانمان مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كه‌ كۆلێژی مافی ته‌واوكردووه‌... هتد.
له‌ ساڵی 1939 بۆ ساڵی 1949 له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادی گۆڤاری "گه‌لاوێژ"‌ ده‌رده‌كه‌ن، هه‌ربۆیه‌ ناچار ده‌بێت له‌ ساڵی 1944 ده‌ست له‌ كاری میریی هه‌ڵبگرێت.
پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی 14ی ته‌مموزی 1958، مۆڵه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ند ژماره‌یه‌كی گۆڤاری رزگاری پێبه‌خشراو هاوكات به‌رپرسیارێتی رۆژنامه‌ی خه‌بات-یشی ده‌كرد.
مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بێجگه‌ له‌و رۆژنامانه‌ش، خاوه‌نی رۆژنامه‌ی "كوردستان" بوو، كه‌ ( هه‌ڤاڵ مام جه‌لال ) سه‌رنووسه‌ری بووه‌.
ساڵی 1961 به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی وتارێكی به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراقدا، خه‌بات و كوردستان داخران و فه‌رمانی زیندانیكردنیش بۆ مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌رچوو.
له‌بواری ئه‌ده‌بیشدا مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د-ی نووسه‌رو پارێزه‌ر، چه‌ندین كاری به‌نرخی نووسیوه‌، ئه‌ویش به‌ چه‌ند شاكارێكی به‌نرخ وه‌ك "ژانی گه‌ل"، "كوێره‌وه‌ری"، "دوا تیری كه‌وان" و چه‌ند به‌رهه‌مێكی ناوازه‌ی دیكه
نامیلكه‌ی "الاكراد و العرب"-یش كه‌ له‌ ساڵی 1937 به‌ عه‌ره‌بی نووسیوێتی، هه‌وڵێك بووه‌ بۆ رێكخستنی په‌یوه‌ندیی نێوان كوردو عه‌ره‌ب له‌ عیراقدا.

ماڵئاوایی یه‌كجاره‌كی

مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دوای خه‌بات و تێكۆشانێكی نه‌پساوه‌ له‌پێناو مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كورد، ئێواره‌ی 8-4-2000 له‌ ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا له‌ شاری له‌نده‌ن كۆچی دوایی كردو ته‌رمه‌كه‌ی گوێزرایه‌وه‌ بۆ‌ شاری سلێمانی و له‌ رێوره‌سمێكی گه‌وره‌دا كه‌ شایسته‌ی زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ی خه‌بات و كۆششی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ بوو، له‌ زێدی خۆی لە شاری سلێمانی بە خاك سپێردرا.

خه‌ڵاتی بله‌

وه‌ك نه‌ریتێكی ساڵانه‌و له‌ رۆژی 8-4 هەموو ساڵێكدا، رێكخراوی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د فاونده‌یشن، له‌ رێوڕه‌سمێكی شایسته‌داو بۆ به‌رز راگرتنی رۆحی ئه‌و كه‌ڵه‌پیاوه‌، خه‌ڵاتی نموونه‌یی (بله‌) كه‌ نازناوی سه‌ركرده‌و سیاسه‌تمه‌دارو پێشمه‌رگه‌و پارێزه‌رو نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسی نه‌مر ئیبراهیم ئه‌حمه‌د-ه‌، ده‌به‌خشێته‌ چەند كەسایەتییەك ، بەڵام ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی تر ، لە ساڵیادی کۆچی دوایی "مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد" کە هاوکاتە لەگەڵ گیرۆدەبوونی جیهان بەگشتی و کوردستان بەتایبەت بە بڵاوبونەوەی "ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID19" وە ، کە بووەتە هۆی ڕاگرتنی تەواوی سێکتەرەکانی ژیانی مرۆڤ لەهەموو کۆمەڵگەکانی جیهاندا ، ئەم بارودۆخەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر شانی هەمووان بەگشتی و چینی ڕەنجدەر و هەژاران بەتایبەتی دروست کردووە بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار و پەیداکردنی بژێوی ژیانەوە.
بۆیە لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕێكخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن ڕایگەیاند کە لەپێناو سەلامەتی هەمووان و پابەندبوونمان بەڕێنماییەکانی خۆپاراستن ئەمساڵ مەراسیمی بەخشینی " خەڵاتی زێڕینی بلە " ئەنجام نادەین ، لە بەرامبەردا بڕیارماندا کە زیاتر لەکۆی تێچووی مەراسیمەکە ببەخشین بە خەڵکی کەمدەرامەت و ڕەنجدەری کوردستان کە بەهۆی ئەم بارودۆخەوە دەرفەتی کار و پەیداکردنی بژێوی ژیانیان لەدەستداوە ، لەسەر بنەمای بەردەوامیدانمان بە فکری مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد ئەوەی لەتواناماندایە ئەنجامی بدەین بۆ دەست گیرۆیی و بەهاناوەچوونی ئەو کەسانەی ئێستا بەبارودۆخێکی نائاسایدا ژیان دەگوزەرێنن و پێویستیان بەهاوکاریکردنە.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیندراوەكەی ڕێكخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن ڕایگەیاندووە بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی هەموولایەک دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەڵسەنگاندن بۆ گوزەران و دۆخی نالەبارییان بڕیارماندا بە بەخشینی تێچووی مەراسیمی بەخشینی "خەڵاتی زیڕینی بلە" بە :
دابینکردنی خۆراک و پێداویستی ڕۆژانە بۆ 350 خێزانی کەمدەرامەت لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان کە پێکدێن لە (کەسوکاری شەهیدان و ئەو خێزانانەی بەهۆی کێشەی سیاسییەوە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستانیان بەجێهێشتووە و ئێستا لەهەرێمی کوردستان نیشتەجێن ، گەیاندنی خۆراک و دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانە بۆ 450 خێزانی سودمەند لە پڕۆژەی (گرتنەخۆ و پاراستنی منداڵ)ی منداڵپارێزی کوردستان ، گەیاندنی خواردن و پێداویستی ڕۆژانە بۆ ژمارەیەک خێزانی کەمدەرامەت و دابینکردنی پێداویستی پزیشکی بۆ تیمە تەندروستییەکانی قەزای شەنگال و دەوروبەری ، گرتنەئەستۆی کرێی خانووی ژمارەیەک خێزانی کەمدەرامەت لەناوەندی شاری سلێمانی.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەی ڕێكخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن ڕایانگەیاندووە بەڕێزان هەمووان دەزانن لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ناجێگیری کەشوهەوا لە شاری هەڵەبجەی پایتەختی ئاشتی ، بەهۆی ڕەشەباوە بەشێک لە مۆنۆمێنتی شەهیدان تێکشکا و ئەو ڕووداوەش بووە مایەی نیگەرانی و دڵتەنگی کەسوکاری شەهیدان و خەڵکی شارەکە ، بۆیە بڕیارماندا بە دابینکردنی بودجەی پێویست بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە ، بەو هیوایەی کەمێکیش بێت لەئازار و خەمی کەسوکاری شەهیدان کەمبکەینەوە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو