پارێزگاری سلێمانی داوای‌ لێبوردنی‌ له‌ پزیشكه‌كه‌ی‌ دوێنێ‌‌و هاوپیشه‌كانی‌ كرد

  2020-04-07 21:49      137 جار بینراوە        کۆمێنت
دیمه‌نێكی‌ شه‌وانه‌ی‌ شاری‌ سلێمانی‌

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 7ی‌ نیسان، هەڤاڵ ئەبوبەكر، سەرۆكی لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی كۆرۆنا لە سلێمانی، ئەنجامی لێكۆڵینەوەی كێشەی نێوان پزیشكەكە و تیمێكی هێزە ئەمنیەكانی راگەیاندوه و داوای لێبوردنی پێشكه‌ش به‌و پزیشكه‌ و ته‌واوی هاوپیشه‌كانی كردوه‌.
له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پارێزگای سلێمانی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كۆرۆنا رایگه‌یاندوه‌، دوێنێ‌ له‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی پشكنین و چاودێریكردنی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆدا، ڕوداوێكی نه‌خوازراو له‌نێوان تیمێكی چاودێریی‌و پزیشكێكی ڕویدا.
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، هه‌ر دوێنێ‌ له‌گه‌ڵ ڕوداوه‌كه‌دا لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌مان پێكهێنا، له‌ ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ رونبوه‌وه‌، كه‌ هه‌ردو لایه‌نی ئه‌م ڕوداوه‌، دڵسۆزانه‌ له‌ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیاندا بون، كه‌ پاراستنی ته‌ندروستیی گشتی و جێبه‌جێكردنی ڕێنماییه‌كانه‌، هه‌ر هه‌ڵچون‌و گله‌ییه‌كیش له‌كاتی ڕوداوه‌كه‌دا ڕویدابێت له‌ ئه‌نجامی په‌رۆشیی‌ و پابه‌ندیی‌ و شه‌ونخونی‌ و ماندوبونی هه‌ردو لایه‌نه‌كه‌وه‌ بوه‌، كه‌ به‌ به‌رده‌وامیی له‌ ئه‌رك‌ و خه‌می تێپه‌ڕاندنی په‌تای كۆرۆنادان.
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر سوپاس‌ و پێزانینی ئاراسته‌ی كه‌رتی ته‌ندروستیی‌ و ئه‌ركی تیمه‌كانی پشكنین و چاودێریكردن كردوه‌و رایگه‌یاندوه‌، كه‌رتی ته‌ندروستیی و به‌تایبه‌تیی پزیشكان له‌ ڕیزی یه‌كه‌می به‌ره‌نگاربونه‌وه‌دان‌ و پشكی سه‌ره‌كیی ئه‌ركی پاراستنی ته‌ندروستیی گشتیی، وه‌ك هه‌میشه‌، كه‌وته‌ سه‌ر ئه‌م خۆنه‌ویستانه‌.
له‌و رونكردنه‌وه‌یه‌دا، سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنه‌كانی پارێزگای سلێمانی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كۆرۆنا داوای لێبوردنی پێشكه‌ش به‌و پزیشكه‌ و ته‌واوی هاوپیشه‌كانی كردوه‌، كه‌ به‌ هه‌ڵوێست‌ و تێگه‌یشتنی شایه‌نانه‌یان، بون به‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی چاره‌سه‌ر، دڵنیاییشداوه‌ له‌وه‌ی، "هه‌مو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ به‌م ئومێدو ئیراده‌و گیانه‌به‌رزه‌وه‌ ده‌توانین یه‌كگرتوانه‌و سه‌ركه‌وتوانه‌ ئه‌م دۆخه‌ تێپه‌ڕێنین".
دوێنێ، له‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی پشكنین و چاودێریكردنی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆدا، ڕوداوێكی نه‌خوازراو له‌نێوان تیمێكی چاودێریی و پزیشكێكدا ڕویدا، بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌و روداوه‌، لیژنه‌یه‌ك پێكهێندرا.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو