تائێستا تەرمی 67 كەس دۆزراوەتەوە
ڤیدیۆ: فڕۆكەیەك بە107 سەرنشینەوە دەكەوێتە خوارەوە

  2020-05-22 21:00      233 جار بینراوە        کۆمێنت

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 22ی یٔایار، فرۆكه‌یه‌كی هێڵی ئاسمانی نێوده‌وڵه‌تی پاكستان (PIA) به‌ 107 سه‌رنشینه‌وه‌ له‌گه‌ڕه‌كێكی نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی كا‌راچی كه‌وته‌خواره‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی هۆكاری كه‌وتنه‌خواره‌وه‌كه‌ی بزانرێت.
عه‌بدوڵڵا حه‌فیز، وته‌بێژی هێڵی ئاسمانیی پاكستان به‌ سی ئێن ئێن-ی راگه‌یاند، كه‌ 107 كه‌س له‌ناو فرۆكه‌كه‌دا بووه‌، كه‌ 99 كه‌سیان سه‌رنشین بوون و 8 كه‌سیشیان تیمی فرۆكه‌وانی فرۆكه‌كه‌ بوون، وتیشی: فرۆكه‌كه‌ له‌جۆری ئێرباس A320 بووه‌و له‌شاری لاهۆره‌وه‌ به‌ره‌و شاری كاراچی به‌ڕێكه‌وتووه‌، به‌ڵام به‌ر له‌نیشتنه‌وه‌ی لەگه‌ڕه‌كێكی نزیك فرۆكه‌خانه‌كه‌، كه‌وته‌خواره‌وه‌. كه‌ پێده‌چێت له‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كه‌شدا چه‌ندین كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدابێت.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی سی ئێن ئێن، كه‌ لەفرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پاكستان-ه‌وه‌ دەستیكه‌وتووه‌، فرۆكه‌كه‌ دوای گه‌شتێكی 90 ده‌قیقه‌یی بڕیاربووه‌ له‌به‌شی نێوده‌وڵه‌تی بنیشێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ر له‌نیشتنه‌وه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌.
سی ئێن ئێن ده‌شڵێت: هیچ راپۆرتێكی خێرا له‌و باره‌یه‌وه‌ نییه‌، كه‌ زیانه‌ گیانییه‌كانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ چه‌ند بووه‌ كه‌ فرۆكه‌كه‌ی لێكه‌وتۆته‌ خواره‌وه‌".
هه‌روه‌ها عه‌بدولستار خوخار، وته‌بێژێك به‌ناوی ده‌سته‌ی سه‌لامه‌تی فرۆكه‌وانی مه‌ده‌نی پاكستان به‌ ئه‌ی بی سی نیوز-ی راگه‌یاندووه،‌ رووداوه‌كه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یەو لەهه‌وڵی ئه‌وه‌دان بزانن هۆكار چییه‌.
له‌هه‌مانكاتدا پۆلیسی كا‌راچی به‌ ئه‌ی بی سی نیوز-ی وتووه‌،‌ تا ئێستا بەبرینداری هیچ كه‌سێك رزگاری نه‌بووه‌، ته‌رمی 67 كه‌س دۆزراوه‌ته‌وه‌و له‌هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی ئه‌وانی دیكه‌داین.
شایه‌تحاڵه‌كانی نزیك رووداوه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، فرۆكه‌كه‌ سێ جار هه‌وڵی داوه‌ له‌ فرۆكه‌خانه‌كه ‌بنیشێته‌وه‌، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌. یه‌ك له‌ شایه‌تحاڵه‌كان به‌ سی ئێن ئێنی راگه‌یاندووه‌: من لەمزگه‌وت بووم، فرۆكه‌كه‌م به نزمی بینی كه‌ یه‌كێك لەبزوێنه‌ره‌كانی ئاگری پێوه‌ بوو، چه‌ند چركه‌ی نه‌برد لەنزیك گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ئێمه‌ كه‌وته‌ خواره‌وەو ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌م بیست".
ئامادەكردنی: لوقمان غەفوور

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو