مەكتەبی سیاسی یەكێتی: ئومێد دەکەین ئەم جەژنە ببێتە هەوێنی لێبوردەیی بەئامانجی چارەسەری کێشەكان

  2020-05-23 23:22      241 جار بینراوە        کۆمێنت

مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوەو تێیدا داواكارە ئەم جەژنە ببێتە هەوێنی ئاشتەوایی و چارەسەركردنی كێشەكان لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
دەقی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی...
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، پیرۆزبایی گەرم ئاڕاستەی تەواوی موسوڵمانانی جیهان و عیراق و بەتایبەت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەهەرچوارپارچەی کوردستان دەکەین، بەتایبەت خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و هێزی پێشمەرگەو کارمەندانی تەندروستی و سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ، کە لەم بۆنە پیرۆزەداو هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەگیانی هەستکردن بەبەرپرسیارییەتی و لەخۆبوردنەوە ئەرکی پاراستنی ئارامی و ئۆقرەیی هەرێمی کوردستان و گیان و تەندروستی خەڵک و ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتیانیان لەئەستۆدایەو بێ ماندووبوون لەوپێناوەدا شەونخوونی دەکەن، مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) بەڕێزەوە لەماندوونیان دەڕوانێت، وەک چۆن جەژنی پیرۆزی رەمەزان لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئاینییەوە هەڵگری پەیامی ئاشتەوایی و لێبووردەییە بۆ گشت موسوڵمانان و مرۆڤایەتی بەگشتی، ئومێد دەکەین بەهەمان شێوە ئەم جەژنە پیرۆزە ببێتە هەوێنی قوڵبووەی لێبوردەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و پتەوکردنی ریزەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەئامانجی هەوڵدانی زیاتر بۆ چارەسەری کێشەو گرفتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق بەگشتی، بەتایبەتی چارەسەری ئەو کێشەو گرفتە داراییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوەو خەڵکی کوردستان و مووچەخۆران تیاندا زەرەرمەندی یەکەمن و ئەم بارودۆخە زیاتر درێژەنەکێشێت و خۆشگوزەرانی و ئارامی بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەربکرێ.
دووبارە جەژن لەتەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پیرۆزدەکەین، هیوای کامەرانی و ئاسودەیی بۆ هەمووان دەخوازین .
مەکتەبی سیاسی 
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان 
23-5-2020

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو