سەرۆك كۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی دۆخی گشتی وڵاتیان کرد

  2020-05-28 15:22      130 جار بینراوە        کۆمێنت
لایه‌نێك له‌ دیداره‌كه‌

 د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری‌ عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی‌ ئایار، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، پێشوازیکرد لە مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی‌ عیراق. 
لە میانی دیدارەکەدا، دووپاتکرایەوە لە پێویستی پەلەکردن لە تەواوکردنی کابینەی حکومەت و کاندیدکردنی کەسانی بەتوانا و دەستپاک و پشتیوانیکردنی حکومەت لە جێبەجێکردنی کارنامەکەی کە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و دەستەبەرکردنی داواکارییە رەواکانی هاوونیشتمانیان و چەسپاندنی چاکسازییە داواکراوەکان. 
سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەختیانکردەوە لەگرنگی پیادەکردنی سیاسەتی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری عێراق، ھاوکات دووپاتیان لەپێویستی چارەسەرکردنی قەیرانەکان کردەوە کە وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت و گرنگی دانی زیاتر بەرووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و پشتیوانی لایەنە تەندروستییەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ ئاڵنگارییە ئابوورییەکان و دابینکردنی بژێوی گشت هاووڵاتیانی عێراق. 
هەر لەمیانەی دیدارەکەدا، تیشک خرایەسەر قۆناغی ئێستای وڵات کە پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان و پەیوەستبوونی هەمووان هەیە بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی گروپی تیرۆریستی داعش و پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکان و بەردەوامی سەرکەوتنەکان، بەجۆرێک کە ئاسایش و ئارامی بۆ ھاووڵاتیان دابین بکات.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو