سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتی: بە بڕیارەکانی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆدا بچنەوە و كه‌رامه‌ت و بژێوی و ته‌ندروستیی خه‌ڵك بپارێزن

  2020-06-02 13:01      176 جار بینراوە        کۆمێنت

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند : هه‌رێمی كوردستان له‌ناو دوو قه‌یرانی ئابوری و ته‌ندروستی سه‌ختدایه‌ و هه‌ر چاره‌سه‌رێك پێشینار و پیاده‌ ده‌كرێت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه،‌ پێویسته‌ ره‌چاوی هه‌ردوو قه‌یرانه‌كه‌ بكات تا كه‌رامه‌ت و ته‌ندروستی و بژێوی خه‌ڵك پارێزراو بێت و هیچیان نه‌كرێن به‌ قوربانی ئه‌ویتر.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ رایگه‌یاند : له‌ئاستی سه‌ره‌وه‌ی یه‌كێتییه‌وه‌ داوا له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كراوه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك هێز و تووندوتیژی به‌كار نه‌هێنن به‌رامبه‌ر خه‌ڵك كه‌ بۆ داوای پیاچوونه‌وه‌ به‌ رێكاره‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ست پێ كردووه.‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتی ،ئه‌گه‌ر به‌ هۆشیاری مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ نه‌كرێت، بۆشایی نێوان ده‌سه‌ڵات و هاووڵاتی زیاتر ده‌بێت و زیان به‌ كه‌رامه‌تی هاووڵاتیان یان ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌وێت كه‌ هیچیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی دۆخی هه‌رێمی كوردستان نابێت.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌‌ ئاشكرای كرد ، له‌سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتی په‌یوه‌ندی كراوه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ناو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌ ره‌سمی داوایان لێ كراوه‌ پێداچوونه‌وه‌ بكه‌ن به‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌ت كه‌ بۆته‌ هۆی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك، ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا حكومه‌ت نه‌توانێت لانیكه‌می بژێوی خوشك و براكانمان دابین بكات‌، ناكرێت رێگه‌ش‌ له‌كار و كه‌سابه‌ت و رزق و رۆزییان بگرێت.
سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتی وتی،بۆ رێگرتن له‌ته‌قینه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و رێگرتنیش له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا، پێویسته‌ وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی و ناوخۆ به‌ هاوكاری لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان رێكاری نوێ بگرنه‌ به‌ر. له‌جیاتی ئه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی بچڕ بچڕ پیاده‌ بكه‌ن، پێویسته‌ رێنمایی تووندی ته‌ندروستی و خۆپارێزی له‌ناو بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا بچه‌سپێنن. ته‌نها ئه‌م رێگه‌یه‌‌ ده‌توانێت وه‌ڵامی داوای كاسبكاران و بژێوی خه‌ڵكی كوردستان بداته‌وه‌ و له‌هه‌مانكاتدا ته‌ندروستیی گشتییش بپارێزێت.
سه‌رچاوه‌كه‌ وتی،یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ په‌رۆشییه‌وه‌ هه‌وڵی پاراستنی بژێوی و ته‌ندروستی و كه‌رامه‌تی هاووڵاتیان ده‌دات، و  داوای كرد ،لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حكومه‌ت به‌ زووترین كات پیاچوونه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ دا بكه‌ن، كه‌ بێ گوێدانه‌ داوا و خواستی زۆربه‌ی دانیشتووانی شارۆچكه‌ و ئیداره‌ خۆجێییه‌كان، به‌ مه‌ركه‌زی بڕیاره‌كه‌یان خستۆته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی ناڕه‌زایه‌تی گشتی و ئه‌گه‌ری خراپبوونی دۆخه‌كه‌. 

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو