پاش سووربوونی‌ ره‌نگی‌ رووبارێكی‌ روسیا پۆتین‌ باری‌ نائاسایی‌ راگه‌یاند

  2020-06-05 10:50      970 جار بینراوە        کۆمێنت
دیمه‌نێك له‌ رووباره‌كه‌

ڤلادیمێر پۆتین سه‌رۆكی‌ روسیا، باری‌ نائاسایی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ باكووری‌ سیبریا راگه‌یاند، پاش ئه‌وه‌ی‌ سووته‌مه‌نییه‌كی‌ زۆر دزه‌ی‌ كرده‌ ناو رووباری‌ ( ئه‌میارنایا)ه‌وه‌‌و ره‌نگی‌ رووباره‌كه‌ی‌ سوور كرد.
به‌پێی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵ، زیاتر له‌ 20 هه‌زار ته‌ن دیزڵ له‌ عه‌مبارێكی‌ گه‌وره‌ی‌ سووته‌مه‌نی‌ له‌ وێستگه‌یه‌كی‌ وزه‌ی‌ شاری‌ (نۆرلیسك) دزه‌ی‌ كردووه‌ته‌ ناو رووباره‌كه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ عه‌مباره‌كه‌ به‌هۆی‌ تووانه‌وه‌ی‌ به‌فره‌وه‌ هه‌ره‌سیهێناوه‌.
پسپۆڕانی‌ بواری‌ ژینگه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و رووداوه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌ساته‌ گه‌وره‌گانی‌ ژینگه‌ له‌ مێژووی‌ روسیادا كه‌ پێشبینی‌ ده‌كرێت زیانێكی‌ گه‌وره‌ به‌ ژینگه‌ی‌ جه‌مسه‌ری‌ باكوور بگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ نیویۆرك تایمزو ژماره‌یه‌ك له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ روسییه‌كان.
هاوكات كۆمپانیای‌ (نۆریلسك نیكڵ) كه‌ خاوه‌نی‌ وێسته‌گه‌كه‌یه‌، له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ تووانه‌وه‌ی‌ به‌فر بووه‌ته‌هۆی‌ داڕمانی‌ یه‌كێك له‌ عه‌مباره‌كانی‌ سووته‌مه‌نی‌‌و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ سووته‌مه‌نییه‌كه‌ بۆ مه‌ودای‌ 10 كیلۆمه‌تر بڵاوبووه‌ته‌وه‌.
ئه‌لیكسی‌ كنیشینكۆڤ له‌ گرووپی‌ ( ده‌بلیو ده‌بلیو ئێف روسیا) بۆ ژینگه‌، رایگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین دزه‌كردنی‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان له‌ مێژووی‌ نوێی‌ روسیادا.
هاوكات حكومه‌تی‌ روسیا ده‌ستیكردووه‌ به‌ لێكۆلینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌‌و فیاچیسلاف ستارۆستین به‌ڕیوه‌به‌ری‌ كۆمپانییه‌كه‌ی‌ ده‌ستگیركردووه‌.
ڤلادیمێر پۆتین سه‌رۆكی‌ روسیا رایگه‌یاند : له‌وه‌ توڕه‌بووم كه‌ تا رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ به‌رووداوه‌كه‌م نه‌زانیوه‌، له‌كاتێكدا رووداوه‌كه‌ چوارشه‌ممه‌ی‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوو روویداوه‌.

سه‌رچاوه‌: سكای‌ نیوز عه‌ره‌بیه‌
وه‌رگێڕان‌و داڕشتنه‌وه‌ی‌: رێباز زه‌نگه‌نه‌

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو