(95)
یەك یەك سەیری دەموچاوی هەمووانم كرد، وردتر سەیری كڵاوو جامانە بەسەرەكانم كرد. بەملاو ئەولادا گەڕام. هێندەی چاوم گێڕا (ئەو)م نەدۆزییەوە. بۆیە وردە وردە دەنگی كوتە كوتی دڵم بەرزو بەرزتر دەبووەوە. هەندێك لەژێر سێبەری دارسپیندارەكان وەستابوون، هەندێكی تریش بێدەنگ لەلایەكەوە لەسەر چیچكان دانیشتبوون. بەشێكیش لەبەر هەتاوەكە وەستابوون، جارجارە ئارەقەی نێوچاوانیان دەسڕییەوە. لەسەری ئەو سەریشەوە مەلایەك لەبڵندگۆ خەمبارانە قورئانی دەخوێند. سەرم لێ شێوابوو نەمدەزانی ئەو هەموو خەڵكە بۆ كێ وا كۆبوونەتەوەو خەمبارن. ئازایەتی ئەوەشم تێدا نەبوو بپرسم. كاتێ كۆمەڵێ گەنجم بینی دەگریان. هەندێكیش ڕوو لەئاسمان لەخودا دەپاڕانەوە. زانیم هەواڵێكی جەرگ بڕ لەدەرگای دڵم دەدات. لەگەڕان و هەواڵ پرسین هیلاك و بێ ئومێد بووم بۆیە بێ ئیرادەی خۆم هاوارم كرد:
–كوا ئاڵا هەمیشە شەكاوەكەی (ی.ن.ك) كوا، پیاوە جامانە بەسەرە خاكیەكە…كوا، كادیرە ماندووە دڵسۆزەكە…كوا، خۆشەویستەكەی (مام جەلال).كوا، كوا (مامۆستا مەلا محەمەدی بەحركە..؟ خۆ چەند ڕۆژێك بەر لەئەمڕۆ لەنەخۆشخانە سەردانمان كرد. ورە بەرزو خۆڕاگر، وتی: دڵنیابن چاكدەبمەوەو دێمەوە ناوتان.
ئەوانەی لەدەوروبەرم حەپەسان… هەندێك لە پڕمەی گریانیان داو هەندێكیش ئەبڵەق سەیریان دەكردم. وەك بڵێی زمانیان لەئاستی وەڵامدانەوەی هاوارو پرسیارە قورس و بێ وەڵامەكەی من نەتوانێت بێتە گۆ.
*هەرزەكاربووم، تازە هەستی كوردایەتی لەگیانمدا دارە دارەی دەكرد. چرۆی خەبات و سیاسەت ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەهزرمدا نەشونماو گەشەی دەكرد، رۆژانە بێ ماندووبوون سەرم بەهەموو چایخانەو گازینۆكانی هەولێردا دەكرد. هاوڕێكانم بەپرسیارو گفتوگۆ هەراسان كردبوو. لەو ساڵانەدا مرۆڤێكی باڵا مامناوەندی هەندێ لاواز، كڵاوو جامانە بەسەر، ڕووخۆش و هەست پڕ لەهیواو ئومێد. دەم بەخەندەو پێكەنین لەزۆربەی دانیشتنەكان حزوری هەبوو. هێمن و لەسەر خۆ ئارام ئارام ڕاكانی دەردەبڕی و گفتوگۆی دەكرد. ساڵان هات و ڕۆیی ئەو مرۆڤە لەلای من بوو بە یەكێك لەڕەمزەكانی خەبات و تێكۆشان. ماوەیەكیش رێنیشاندەرو لێپرسراوم بوو.
*ڕاشكاوانە دەیڵێم: (مەلا محەمەدی بەحركە)و ژمارەیەك لەو تێكۆشەرە ونبوانەی تەمەنی ئەو، هەموو ژیانی خۆیان و ئیسراحەتی ماڵ و منداڵ و كەسوكاریان بە ڕێبازی سیاسی و شەخسی (مام جەلال) بەخشی. ئەوانە (جەلالی) عەیارە 24 بوون. بۆیە خۆشەویستی (مام جەلال) بوون. هەتا مامیش لەژیاندا مابوو، گەلێ هەواڵی دەپرسین و ئاگاداری ژیان و گوزەرانیان بوو، بەڵام بەداخەوە دوای نەخۆشكەوتن و كۆچی دوایی (مام) بێناز كەوتوون. بۆیە روو لەبرایانی بەڕێزم كوڕەكانی مام دەكەم كە ئەمڕۆ لەحكومەتی هەرێم و حزبدا دەستڕۆیشتوون.
–دڵسۆزو وەفادارانی دوێنێی باوكتان فەرامۆش مەكەن، هەواڵیان بپرسن، تەلەفۆنیان بۆ بكەن، لەكاتی پێویست لایان لێبكەنەوەو جارجارە میواندارییان بكەن، خەرجیی چارەسەری نەخۆشییەكانیان لەئەستۆ بگرن.
ماڵئاوا، ئاڵا هەمیشە شەكاوەكەی (ی.ن.ك) ماڵئاوا، جامانە بەسەرەكەی مەڵبەندی هەولێرو مەكتەبی كۆمەڵایەتی. پیاوە بەورەو ماندوونەناسەكە.
ماڵئاوا.