د.سەردار عەزیز

قوڵتر لە قەیران

  2020-07-08 11:05      76 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەوەی ئێمە پێوە دەناڵێنن زمانێكمان نیە بۆ دەربڕینی. ئەوەی ئێمە دەریدەبڕین زمانی تایبەتی دۆخەكە نیە، بەو مانەیەی نوێنەرایەتی ئەوە بكات كە دەگوزەرێت. بەڵكو ناڵاندنە، ئازارچەشتنە، كەفوكوڵە، دەردە دڵە، بۆڵەیە، بێزارییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك دەربڕی عەقڵ نیە. دەكرێت ئەم جۆرە زمانە هەبێت، بەڵام نەك تەنها جۆرە زمان یان دەربڕین بێت. هەرچەندە ڕەنگە بپرسین بۆچی تەنها جۆرە زمانە؟ ڕەنگە تیورەی كۆنسیومەریزم یان بەرخۆرێتی بتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارەكان بداتەوە. ئەو جۆرە زمانە كڕیاری هەیە. بەڵام ئەم زمانە هیچ بەجێناهێڵێت و هیچ كاریگەرییەكی نابێت. یەكێك لە خەسڵەتەكانی زمانی بیر، یان زمانێك كە نوێنەرایەتی دۆخێكی ئێجگار ئاڵۆز بكات ئەوەیە كە هێمنانە دێت، فرە توێژ و ئاڵۆز و بێخەمە.
ڕەنگە زۆر وشە و زاراوە و تێرم بەكاربهێنرێن، بەڵام نابنە چەمك، بەوەی كە هەڵگری كلیلی كردنەوەی دەرگایەك، پەنجەرەیەك یان كونەواجەیەك بێت بە سەر ئەوەی كە دەگوزەرێت، هەتا دەرفەتی بینینی هەناوی دۆخەكە بدات و بتباتە ئەودیو ڕوكەشی خەڵەتێنەرەوە.
ئێمە لە قەیرانداین. بەڵام چەمكی قەیران خۆشی لە قەیراندایە. قەیران نەك لە زمانی كوردیدا، لە وشەیەكی مردو زیاتر نیە، بەڵكو لە دونیادا توشی قەیران بوە. لە دیدارێكیدا لە گەڵ ڕۆژنامەیەكی ئەڵمانی ئەگامبین دەڵێت:
چەمكی قەیران بوەتە مۆتۆی سیاسەتی سەردەم. وشەی قەیران دوو رەگی سێمانتیكی هەیە: یەكێكیان لە بواری تەندروستیدا، كە ئاماژە بە سوڕی نەخۆشییەك دەكات، هەروەها لە بواری خوداناسیدا ئاماژەیە بۆ دواین دادگا لە قیامەتدا. هەردوو ماناكە بە گۆڕانكاریدا تێپەڕییون لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا.
لە مانا كۆنەكەیدا چەمكی قەیران لە بواری تەندروستی و میدیسێندا بە مانای دادوەریی هاتوە، كاتێك كە دكتۆر بڕیاری داوە كە كەسێكی نەخۆش: ئایا دەژی یان دەمرێت. بەڵام لە دونیای ئەمڕۆدا چەمكی قەیران یان كرایسیس ئاماژەیە بۆ دۆخێكی درێژخایەن و بەردەوام. بە جۆرێك كە نادڵنیایی و ناسەقامگیری بۆ داهاتو درێژدەبێتەوە، تا ناكۆتا. بەڕای ئەگامبین لە دونیای ئەمڕۆدا بڕیاردان و دادوەریی، جەجمێنیت، دابراوە لە دۆخی قەیران و بڕیاردان لە دۆخی قەیراندا بۆ هەمیشە دوادەخرێت. لە ئاستی تیولۆجیدا بە هەمانشێوەیە، بڕیاردان یان دادوەریكردن جیانەكراوەیە لە كۆتایی كات یان ئەوەی بە كوردی پێی دەوترێت دونیا ئاخری.
ئەم دیدەی ئەگامبین دیدی خۆی نیە، بەڵكو پراو پڕی لە مێژوناسی گەورەی ئەڵمانی ڕایانهارت كۆسیلاكەوە وەریگرتوە. لای ئەو، ئەوەی مۆدێرنە جودا دەكاتەوە قەیرانە، بە مانایەكی تر قەیران ئەو ئیمزا یان واژۆیەیە كە مۆدێرنەی پێدەناسرێتەوە. لە هەناو مۆدێرنەدا دیدی فرە جیاواز هەیە بۆ قەیران، ماركس و ئەوانی تری دوایی خۆی، قەیرانیان وەها دەبینی كە نیشانەی ناتەواوی و لاوازی سیستەمی كەپیتالیزم بیت. بۆ لیبرالەكان قەیران، بە تایبەت لە بواری ئابوریدا ساتەوەختی گواستنەوەیە. قەیران و چارەسەر وەها دیارە خەسڵەتێكی ڕۆژئاوایی یان ئەمریكییە: وەك كیسنجەر دەڵێت: ئەمریكاییەكان وەها بیر لە قەیران دەكەنەوە كە چارەسەرێكی تایبەتی هەیە و ئەگەر هاتوو ئەو چارەسەرەت بۆ دابینكرد ئەوا قەیرانەكە كۆتایی دێت. بەڵام چینیەكان وەها بیردەكەنەوە كە هەموو قەیرانێك چارەسەرێكی هەیە، كە ئەو چارەسەرەش دەبێتە هۆكاری جۆرێكی تر لە قەیران. بۆیە چارەسەری بێ قەیران نیە.
بە كورتی قەیران ساتەوەختی هەستپێكردن و دەستنیشانكردن و گەڕانە بە دوای چارەسەردا. بەڵام لە دۆخی عەقڵی كوردیدا، قەیران ئەم مانایانەی نیە. وەك دەردەكەوێت لە دۆخی سیاسی كوردیدا، دابرانێك هەیە لە نێوان قەیران و چارەسەردا. قەیران دۆخی باڵاو خوازراوە. ئەو دۆخەیە كە چارەسەرەكەی دەزانرێت، بەڵام چارەسەرەكەی بەدڵی كەس نیە، بۆیە ئەگەر زۆر زۆر ناچاری نەبێت كەس خۆی لە توخنی چارەسەر نادات. چارەسەر تەنها ساتەوەختێكی كورتە، بە تایبەتی لەو كاتانەدا كە كورد ڕوبەڕوی لە ناوچون دەبێتەوە. هەركاتێك مەترسی لەناوچونەكە كەم بوەوە كورد دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی قەیران. چۆن ئەم دۆخە پێچەوانە بكرێتەوە؟ یان چۆن چارەسەر ببێتە بنەماو قەیران ببیتە ساتەوەختی كورت یان گواستنەوە؟ ئەم گواستنەوەیە پێویستی بە وەرچەرخانێكی تەواو تەواوی لە عەقڵیەتی گشتیدا هەیە. بەڵام ئەمە مەترسیدارە بۆ نوخبە. نوخبەی كوردی لە نەبونی قەیراندا لەناودەچێت یان ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەم دۆخە ئاوارتەییە هەمیشەییە وەها دەكات كە قسەكردن لە سەر گەشە و كەڵەكەكردن و پێشكەوتن و بەرەوپێشچون و سەردەمیانە و هەموو ئەمانە تەنها قسەی شیعری بێت.
لە ڕاستیدا زمانی كوردی بە گشتی زمانی شیعرییە. زمانی شیعری بەو مانایەی كە ئەوەی دەوترێت تەنها دەربڕینێكی زمانییە، مەرج نیە هیچ پەیوەندیەكی بە واقیعەوە هەبێت. ئەمەشە وەهایكردوە كە ناتوانیت ئابوری، زانست، فەلسەفە بە كوردی دەرببڕیت، بەڵكو ئەوەی بە كوردی كورد لێی تێدەگات، كەفوكوڵ و ئاهوناڵە و های هوو و هوو هایە.
ئەمە دەرخەری ئەو تراژیدیایەیە كە ئەدەبی ئێمە گفتوگۆیەكی تیادانیە. دوو كەس نەیانتوانیوە گۆڕینەوەی فیكری بكەن بەڵكو هەرزوو خزاون بۆ بواری شڵەژانی دەرونی و هەڵچون و جنێو.
جنێو باڵاترین دەربڕینی مەعریفییە لە ناو كورددا. جنێو ئەو ئۆرگازمەیە كە هەموو كەسێك پاش پیادەكردنی ئاهی پیادادێت و دەحەسێتەوە. مرۆڤی لەمجۆرە ناتوانێت بەیەكەوە هەڵبكات. ناتوانێت كۆمەڵگا پێكبهێنێت. ناتوانێت پێكەوەبێت. ئەم بونەوەرە بۆ هەمیشە لە دەرەوەی دەوڵەت دەمێنێتەوە. هەتا ئەو ساتەی كە هەست نەكات كە لە قەیراندایە و پێویستی بە هەڵسەنگاند و بڕیار و گۆڕینە.

 

وتاری زیاتر

ماکرۆن... فریادڕەسێکی نەرم‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-07 15:22      47 جار بینراوە

باوکم: کوردبوون لەپەراوێزدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-09-05 16:00      40 جار بینراوە


با سیروان نەمرێت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-29 19:22      46 جار بینراوە

لە مالی چ باسە؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-29 11:05      45 جار بینراوە


دەربارەی ئەمریکای بایدن‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-21 13:23      42 جار بینراوە


خوێندنەوەی ماکرۆن لە بەیروت‬ د.سەردار عەزیز
2020-08-07 10:12      49 جار بینراوە




گەڕانەوەی لێڤایەسانی روسی‬ د.سەردار عەزیز
2020-07-13 18:21      56 جار بینراوە


تورکیاو تیورەی زەلکاو‬ د.سەردار عەزیز
2020-07-05 18:04      57 جار بینراوە



تورکیاو کورد: چی دەگوزەرێت؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-28 11:27      74 جار بینراوە

هێرشی تورک و دوو سەرنج‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-27 15:04      59 جار بینراوە

چین و ئەمریکاو کورد‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-22 14:47      96 جار بینراوە

عوسمانییەت: بە ئاشتی، بە شەڕ‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-21 11:45      71 جار بینراوە

گەوجاندنی پۆستمۆدرێن‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-17 19:23      87 جار بینراوە

هێرشەکانی تورکیا‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-15 16:53      88 جار بینراوە

دانوستانی عیراق و ئەمریکا‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-14 00:03      110 جار بینراوە

ئەمریکاو عیراق، دانوستان‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-07 19:19      91 جار بینراوە

ساتە کیسنجەرییەکان!‬ د.سەردار عەزیز
2020-06-01 20:24      94 جار بینراوە

٢٨ ساڵە/ ٢٨٠ ساڵ‬ د.سەردار عەزیز
2020-05-25 16:18      120 جار بینراوە



لەستایشی لامەرکەزیدا‬ د.سەردار عەزیز
2020-05-16 18:45      105 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو