(54)
لەنیوەی دووەمی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، كاتێ لەشارەكانی كوردستانی رۆژهەڵات ئاوارە بووین، ئیمام خومەینی لەسەر تەختی نەخۆشخانەو لەسەر پارچە مقەبایەكی پاكەتی جگەرە، چەند كۆپلە شیعرێكی جوانی نووسیبوو:-
((من بە خال لبت ای دوست گرفتار شدم))
چشم بیمار تو را دیدم و بیمار شدم
***
دڕ میخانە گشایید بەرویم، شب و روز
كە من از مسجد و از مدرسە، بیزار شدم
ئەو غەزەلەی ئیمام خومەینی كە (زانایەكی ئایینی گەورەی ئیسلام و پیاوێكی سیاسی ناوداری سەدەی رابردووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، دواتر لەدیوانێك بڵاوكراوەتەوە دەچێتە چوارچێوەی (توصف)ەوە.
بەندەش لەتەمەنی گەنجێتیم زیاتر خولیای ئەدەب بووم. ئێستاش رۆژانە بەخوێندنەوەی چەند كۆپلە شیعرو چەند لاپەڕەیەكی رۆمان سوكنایی دڵم دادێ. بەڵام باری ناهەمواری نەتەوەو نیشتیمانەكەم، گەردەلوولی واقیعی سیاسی كوردستان بەلای خۆیدا راپێچی كردم.
ئێستاش هەست دەكەم سیاسەت و نووسینی وتاری سیاسی شەكەتیان كردووم. بۆیە ویستم ئەم ورتە ورتەی رۆژانەی بەردەمی خۆم بكەمە میوانی گۆشەی ئەمجارەم.
هەموو رۆژێ
بەیانیان لەگەڵ شەبەق
گوڵی باخچەی حەوشی ماڵەكەمان
بەسەرئەكەمەوەو ئەڵێم
ئەمە خوایەو بەڵكو خونچەی
یەكێ لەو گوڵانە
لەگۆنای ئاڵی
ڕەشە رەیحانەكەی من بچێ
***
هەموو رۆژێ لەگەڵ شەبەق
بەدەستێكم دووربین
دەگرم
بەدەستەكەی ترم
گوڵ ئەستێرەی ماچی لێوی
بۆ ئەنێرم
***
هەموو رۆژێ
لەگەڵ دەركەوتنی
تیشكی هەتاو لە رۆژهەڵات
دەڵێم ئەمە خوایەو بەڵكو
شنەی شەماڵێكی فێنك
بە هێمنی و بێ ژاوە ژاو
بە خەندەیەكی لێوی ئەو
دەرگای ماڵی دڵم
بكاتەوەو
قژە جوانە قەترانیەكەی
بكاتە چەتری داپۆشینی
ڕاموسانمان.