ئاوات كۆكه‌یی

لەیادی 19 ساڵەی كۆچی دوایی یاساناس و دیپلۆماتكار شازاد صائب دا

  2020-05-23 16:27      97 جار بینراوە        کۆمێنت

كاك شازاد صائب، ناوێكی دیارە لە مێژووی خەبات و تێكۆشانی كوردایەتیدا، ئەو نەمرە، هەر لەسەرەتاو لەهەموو قۆناغە سەختەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كورستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و شۆڕشی نوێدا، ئامادەیی تەواوەتی و كاریگەری هەبووە، بگرە زۆرجاریش لەیەك كاتدا چەند ئەركێكی لەسەرشان بووە و لە هەمووشیاندا خزمەتی بەرچاوی پێشكەش كردووە.
دڵسۆزییەكەی، سرووشتە سادە و ساكارەكەی، خوێندەواریی و رووناكبیرییەكەی، ئازایی و لێزانییەكەی وایكردبوو بە هەمووان ئاشنا و لای هەمووانیش خۆشەویست بێت.
خەبات لای ئەو لەپێش هەموو شتێكەوە بوو، هەموو شتێكیشی كرد تا كاروانی خەباتی گەلەكەی بگاتە كەناری ئارام. هەر لەو بوارەشدا رۆڵە كاریگەرەكەی بەجۆرێك بوو كە هەر خۆی بیویستایە و رازی ببوایە، بەزوویی دەبووە ئەندامی سەركردایەتی ی.ن.ك، بەڵام ئەو وەك كوردێك و وەك تێكۆشەرێك، تەنیا لەخەمی بەجێهێنانی ئەركەكانیدا بوو.
تەنانەت سەرۆكی نەمر هەڤاڵ مام جەلال دەربارەی ئەو تێكۆشەرە دەڵێت: “ئەگەر كاكە شا قبوڵی كردبا، دەمێك بوو دەچووە سەركردایەتییەوە و هیچ رێگرییەكیشی لێ نەدەكرا”.
كاكە شای تێكۆشەری نەمر ناوی تەواوی شازاد جەمیل صائب-ە، ساڵی 1946 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، قۆناغەكانی خوێندنی بە سەركەوتوویی لە سلێمانی و بەغدا تەواوكردووە، دواجاریش كۆلێژی یاسای لە زانكۆی بەغدا تەواوكردووە.
لە قۆناغی ناوەندیدا بەشداریی لە خەباتی گەلەكەیدا كردووە و بووە بە ئەندامی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و هاوكات ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان.
لەجووڵانەوەكانی خوێندكاراندا بەتایبەتی لە بەغدا رۆڵی دیاری بینیووە، ئەندانی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و یەكێك لە سەركردەكانی مانگرتن و خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆی بەغدا بوو لە ساڵی 1967دا.
دوای تەواوكردنی خوێندن، بووە پارێزەر و داكۆكیكارێكی سەرسەختی بەدەستهێنانەوەی مافی هەژاران بووە و هاوكاتیش لە كارو تێكۆشانی سیاسی بەردەوام بووە.
لە بواری یاسا و رۆژنامەنووسیدا
ئەو جگە لەوەی تێكۆشەرێكی رووناكبیر‌و مافناس بوو، رۆژنامەنووسێكی لێهاتووش بوو، ئەوەش كە لەو بوارەدا گەواهیی سەركەوتوویی بۆ دەدات لە كایەی رۆژنامەنووسیدا، ئەوەیە كە لە ساڵی 1969-1970دا سەرنووسەری گۆڤاری رزگاری بوو كە ئەو گۆڤارە هێندە كاریگەریی لەسەر رووناكبیران ‌و تێكۆشەرانی ئەو رۆژگارە هەبووە، كە بووە زەمینەخۆشكەری سەرەتای چەكەرەكردنی ئایدیۆلۆژیی چەپێكی واقیعبینی پێشكەوتووخواز كە دواتر ئەوەش بووە كرۆكی دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان كە تێكڕای ئەو گۆڤارە 15 ژمارەی لێ بڵاوكرایەوە.
دواتریش كاكە شا بووە یەكێك لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵە كە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول لەساڵی 1975، شازاد صائب پەیامی كۆمەڵە و تێكۆشەرانی ناوەوەی كوردستانی گەیاندە هەڤاڵ مام جەلال لە دەرەوەی وڵات و ساڵی 1979 لەسەر داوای سەركردایەتی ی.ن.ك و شۆڕشی نوێ دەستی لە كاروپیشەی تایبەتی خۆی بەرداو لە عیراق چووە دەرەوە و ماوەیەك لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا نیشتەجێبووە، دواتر ئەركی نوێنەرایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لە شام پێسپێردرا.
ساڵی 1980 گەڕایەوە كوردستان و بووە پێشمەرگە، بەهۆی ئەوەی شارەزایی زۆری لە یاساو كاروبارە یاساییەكاندا هەبوو، دادگاكانی شۆڕشی نوێی دامەزراندووە و وەك شارەزایەكی دەگمەن ئەركی یاسایی لە شاخدا بەڕێوەبردووە.
هەر لەوچوارچێوەیەشدا، یەكەمین یاسا كە سەركردایەتیی یەكێتی پەسەندی كرد بۆ كارپێكردنی، كاكە شازاد نووسیبووی.
لە ئەركی دیپلۆماسیدا
پاش ماوەیەك لەژیانی پێشمەرگایەتی، دووچاری نەخۆشییەكی سەخت دەبێت و بەناچاری دەچێتە هۆڵەندا، بەڵام لەوێش وەك كادرێكی سیاسی، دیپلۆماسی، رێكخراوەیی كاریكردووە و یەكێك بووە لەوانەی كە یاوەریی هەڤاڵ مام جەلال-ی كردووە لە زۆرێك لە گەشت و دیدارە سیاسییەكانیدا.
لە كۆبوونەوە و كۆنفرانسەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستاندا بەشداریی كردووە و لەیەكەم كۆنگرەی ی.ن.ك-دا كە لەكۆتایی مانگی 1ی 1992 تا ناوەڕاستی مانگی 2ی 1992 بەردەوام بوو و سەرەتا لەسلێمانی ‌و دواتر لە هەولێر بەڕێوەچوو، سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبردنی كۆنگرەكە بووە.
لە دووەم كۆنگرەشدا كە سەرەتای ساڵی 2001 لە سلێمانی بەڕێوەچوو، یەكێك لە ئەندامە دیارەكان بووە و لەو كۆنگرەیەدا ئەگەر خۆی رەزامەندیی لەسەربووایە هەر لەسەرەتاوە دەبووە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی.
لە زۆربەی بوارەكاندا جێدەستی دیاربووە و خەرمانی خەباتی پڕ پیت و بەرەكەت بووە، لە سوریا و لوبنان پەیوەندییەكانی ی.ن.ك و جیهانی عەرەبی بەڕێوەبردووە.
ساڵی 1988 یش بووە بە نوێنەری یەكێتی لە ئەوروپا، ساڵی 1994-2001 نوێنەری یەكێتی بوو، لەئەنقەرەی پایتەختی توركیا.
مەرگی ناوادە
رۆژی 24/1/2001 پۆستی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان –ئیدارەی پێشووی سلێمانی- پێسپێردرا و لەو كابینەیەدا گۆڕانكارییەك كرا كە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران جارجار ببرێتە دەرەوەی ئەنجومەنی وەزیران ‌و لە شارو شارۆچكەكان ببەسترێت تا هەندێك جار بڕیاری مەیدانی لە بارەی كێشە ‌و گرفتی هاووڵاتیان ‌و پڕۆژەكانی سنوورە جیاجیاكانەوە بدرێت، هەر لەو بارەیەشەوە بڕیاردرا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەبەشداریی سەرۆكی حكومەت ‌و وەزیرەكان لە رانیە بەڕێوەبچێت، لەكاتێكدا بەڕێگاوە بوو بۆ بەشداریكردن لەو كۆبوونەوەیەدا كە كۆبوونەیەكی فراوانی سەرجەم كابینەی حكومەتی هەرێم بوو لەگەڵ رێكخراوەكانی UN لە رۆژی 21/5/2001، بەڵام مخابن لەسەر رێگەی گشتی پیرەمەگروون- تاسڵوجە بەهۆی رووداوی ئۆتۆمبێلەوە گیانی لەدەستدا و كورد و یەكێتی و حكومەتی هەرێم لەو كاتەدا كە سەرەتای بوژانەوەو گەشەپێدانی دەستیپێكردبوو كادرێكی خەمخۆر و سەركردەیەكی دڵسۆز و وەزیرێكی كارامەیان لەدەستدا.
هەر لەهەمان رووداودا پێشمەرگەیەكی دەستەی پارێزگاریی كاك شازاد صائب بەناوی (زانا سەعدی رەزا) گیانی لەدەستدا و جوانەمەرگ بوو.
كاكە زاناش لە دایكبووی ساڵی 1977 بوو و لەدوای راپەڕینەوە ببووە پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و تا رۆژی كۆچكردنی بەردەوام بووە لە خزمەت ‌و خەبات.

وتاری زیاتر








نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو